٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش لە بڵندگۆی مزگەوته‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێن بەھێزتر بووینە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- لە پارێزگای مووسڵ و قەزای خانەقینی سنووری پارێزگای دیالە، داعش بە شێوەیەكی ئاشكرا بوونی ھەیە و جموجۆڵیان زۆر زیادی كردووە، ئێستا جگە لەوەی بە شەو ھێرش دەكەن، بە رۆژیش ھێرش دەكەن و لە بڵندگۆیەكان باس لە بوونی خۆیان دەكەن، ئەمەش ترسێكی زۆری لە دڵی خەڵكی ئەو ناوچانەدا دروست كردووە.

ئەكبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی١٥ی پارتی لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی ئەمنیی سنووری خانەقین باش نییە، كە بەردەوام تەقە ھەیە و داعش لە زیادبووندایە و جموجۆڵیان زۆر زیادی كردووە، لە ناوچەی شێركیش تا دەگاتە رووباری سیروان، لە سنووری كەلار، گەرمیان و گوڵەجۆ، بە ھۆی زۆریی داعشەوە، لیوای ٢٠فرقەی ٥ھەڵمەتێكیان ئەنجام دابوو بۆ نەھێشتنی داعش، بەڵام لەجیاتی ئەوەی داعش بگرن و بكوژن، دوو كەس لە سوپا كوژران و سێ كەسی دیكەش بریندار بوون، هەروەها ھەمەرەكانیشیان تەقێندرانەوە و زیانی زۆریان پێ گەیەندرا و شكستیان ھێنا و نەیانتوانی ھیچ سەركەوتنێك بەدەست بێنن و ھەر زوو رایان كرد و گەڕانەوە".

حەیدەر گوتیشی: "دۆخی ئەمنیی خانەقین پارێزراو نییە و ناوە ناوە داعش دەست لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبیش دەوەشێنن و ئێستاش داعش نەك بە شەو، بگرە بە رۆژیش ھێرشیان دەكەنە سەر و داعش چوبوونە سەر رەبایەكی حەشدی شەعبی لەسەر رێگایەكی نەفتخانە بۆ خانەقین بە نیوەڕۆ و ٥ حەشدی شەعبییان كوشتبوون".

دەشڵێ، كورد زۆر لە ترس و دڵەڕاوكێدایە و دانیشتووانی گوندە كوردنشینەكان شەوانە خۆیان پاسەوانی لە خۆیان دەگرن و ئەوانەی دەرەوەی خانەقینیش، نزیكەی ٥٠ گوند چۆڵ كراون، چونكە ھێزە عێراقییەكان ناتوانن خۆیان بپارێزن، جا چۆن خەڵك دەپارێزن و چەندین جاریش ھێزگۆڕكێش كراوە، بەڵام سوودی نەبووە، بۆیە بەبێ پێشمەرگە ئەمنیەت پارێزراو نابێت.

لای خۆشیەوە، سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندن و كارگێڕی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رەوشی مووسڵ بەرەو خراپی دەچێت بە ھۆی زیادبوونی جموجۆڵی داعش و، كارەكانی حەشدی شەعبیش دەبێتە ھۆی بێزاریی خەڵك و وا دەكات داعش زیاتر بێنە ناو مووسڵ و بنكە سەرەكییەكانی داعش لە حەزەر و بەعاجە و لەلای راستی شاری مووسڵ بیندراون و بە بڵندگۆی مزگەوتی ناوچەكان باسیان لەوە كردووە، كە ئێمە ماوین و لە ناوچەكە ھەین و لەناو نەچووین و بەھێزتر بووینە".

مەموزینی گوتیشی، لەناو مووسڵ شەڕ لە نێوان داعش و حەشدی شەعبی رووی داوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە داعش لە ناوچە كوردستانییەكان و بە تایبەت لە مووسڵ زۆر زیادی كردووە، كە بەو هۆیەوە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لای خەڵكی مووسڵ دروست بووە، كە داعش بەو جۆرە و بە ئاشكرا دووبارە بەھێز ببێتەوە و ھێزە عێراقییەكانیش ناتوانن خەڵك و ناوچەكان بپارێزن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار