"لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم دوو ڕۆژیان لە بەردەم ماوە بۆ تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتی"

هەولێرـKDP.infoـ لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و جیا لە ساڵانی پێشوو ئەم جارە بە یاسایەکی هەموارکراوە و بازنەی هەڵبژاردنەکان گۆڕاون. لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وا باشتر بوو بە یەک لیستی هابەش بەشدار بن و هاوپەیمانی پێک بهێنن، گشت لایەنە سیاسییەکانیش پێیان باشە یەک لیستیان هەبێت و یەکهەڵوێست بن. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی پێی خۆشە یەک هاوپەیمانی هەبێت، بەڵام تەنها دوو ڕۆژ ماوە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتیی لایەنە سیاسییەکان و هیچ لایەنێکی حزبەکانی کوردستان خۆی تۆمار نەکردووە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی ۱۰ی ئەمساڵ و دوای گۆڕینی یاساکەی، هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێم، بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان داوامان لە گشت لایەنەکان کرد کە یەک لیستی هاوبەش پێک بهێنین و، پارتییش پێی باشە یەک لیست هەبێت، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک دەنگیان نییە و تەنها ماوەی دوو ڕۆژ ماوە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی ۱۰ی ئەمساڵ."
هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی تر بۆ دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانگی ۱۰ی ۲۰۲۱، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، بزووتنەوەی ئیسلامیی هەرێمی کووردستان:
هێمن ئەسکندر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێمان باشە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ناوچانە بکەن، لەبەر دوو هۆکار؛ سیستەمی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە، ئەم گۆڕانکارییە وا دەکات دەنگەکان زیاتر لە جاران پەرشوبڵاو ببێت، بەپێی ژمارەی بازنە و دابەشکاریی بازنەکانی هەڵبژاردن، تا بە کوتلەی گەورە و سنووردار بەشدار بیت پەرتبوونی دەنگەکانت کەمتر دەبێت، ئەم ناوچانەش پێویستیان بە یەکڕیزیی هێزە کوردستانییەکان هەیە، چونکە لە دوای ڕووداوەکانی ۲۰۱٦ و ۲۰۱۷ ئەو گۆڕانکارییەی کە ئێستا لە کەرکووک بە تایبەت دەگوزەرێ، وا پێویست دەکات هێزەکانی کوردستان بەدەر لە بەرژەوەندیی حزبی، زیاتر لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی سەیری ئەو ناوچانە بکەن."
ڕزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پێشوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو هەڵبژاردنەی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە یاسایەکی تازە بەڕێوە دەچێت، پێشتر بۆ هەموو عێراق ۱٨ بازنەی هەڵبژاردن هەبوو، ئێستا بووەتە ٨۳ بازنەی هەڵبژاردن، لەنێو ئەمانەشدا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمی کوردستان هەیە و، پێویستە هەموو کورد و گشت لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت خانەقین، خورماتوو، کەرکووک، مووسڵ و شنگال و ئەو شوێنانەی زیاتر کوردی لێییە بە هاوپەیمانی و کۆدەنگی بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بکەن، چونکە بە پێکهێنانی هاپەیمانییەتی لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی، کورد باشتر جیگا و سەنگی خۆی دەکاتەوە، زۆرترین کورسییش بەدەست دێنێت، بەڵام ئەگەر بە جیا و پەرتەوازەیی بێت، کاریگەریی خراپی لێ دەردەچێت."
نەوزاد خدر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ماوەیەک بەر لە ئیستا بەشداریی چەندین کۆبوونەوەمان کرد بۆ پێکهێنانی ئەو لیستە، هەڵوێستی حزب و سەرکردایەتیمان وابوو بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ ناوچانە کوردستانییەکانی دەرەوە هەرێمی کوردستان پێویستە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت، لەبەر ئەو یاسا نوێیەی ئێستای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆیە ئەگەر کورد بە خەمەوە نەڕوانێتە ئەم بابەتە ئەگەری باشی لێ ناکەوێتەوە و دەنگەکان پەرتەوازە دەبن."
کارزان گەردی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئۆفیسی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بازنەکانی هەڵبژاردن ئێستا وەک جاران نەماوە، هەمووی خورد کراوەتەوە، شێواز و میکانیزمی ئەم هەڵبژاردنە بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاوازە، یەکێک لەو جیاوازییانە بریتییە لە بابەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوە بازنەکان زۆرتر بوونە، ئەگەر جاری پێشتر جۆرێک بەشداری هەبووبێت، بەدڵنیاییەوە لەم هەڵبژاردنەدا هەندێک کێشە دروست دەبێت، لەوانە دەنگی کورد لەم ناوچانە پەرت دەبێت، لە لایەکی ترەوە، دەنگی کورد بەرانبەر بە بەشداربووەکانمان کەم دەکات، بۆ کۆکردنەوەی ئەم حاڵەتە، وەک بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە لەگەڵ یەکدەنگیی کوردین، بە تایبەت لە بابەتە نەتەوەییەکان."
فایزە کۆیی




