٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ شاندێكی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار ئاشكرای كرد، كە ئەمڕۆ شاندێكی ئەمنیی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی زیادبوونی جموجۆڵی داعش، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان.

ئەو سەرچاوەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ شاندێكی فەرماندەیی ھێزەكانی ھاوبەشی عێراق، بە مەبەستی كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەردانی ھەولێر دەكەن.

سەرچاوەكە گوتیشی، جموجۆڵی داعش زۆر زیادی كردووە، بە تایبەت لە سنووری قەزای مەخموور، بۆیە ئەو شاندە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان و بە تایبەت ناوچەی مەخموور، سەردانی ھەولێر دەكەن.

دەشڵێ، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات سێی ئێوارە شاندەكەی حكوومەتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كۆببێتەوە.

سەرچاوەكە ڕوونیشی كردەوە، جموجۆڵ و كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زۆر زیادی كردووە و ھۆكارەكەشی بۆ بۆشایی ئەمنی و نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، چونكە گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە و نەھێشتنی داعش، پەیوەستە بە ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقی.

 

بڵند ئیبراھیم  

 

هەواڵی پەیوەندیدار