لە كابینەی نۆیەمدا 9 ملیۆن مەتر دووجا رێگاوبان قیرتاو كراوە

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێم دەڵێت، لە ماوەی ساڵ و نیوێكی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا، 9 ملیۆن مەتر دووجا رێگاوبان قیرتاو كراوە، لەو چوارچێوەیەشدا (٤٩) پڕۆژە تەواو كراون، لە ئێستاشدا زیاتر لە ١٢٩ پڕۆژەی رێگاوبان لە بواری جێبەجێكردندان، كە خۆی لە ٤٤٠كیلۆمەتر رێگای دووساید و ١٠كیلۆمەتر رێگای یەكسایددا دەبینێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردسانی ڕاگەیاند: "لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، بڕی ٣٥ ملیار دینار بۆ حەوت پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان تەرخان كرا و، لە ئێستاشدا كاریان تێدا دەكرێت، هیوادارین بتوانین لەمساڵیشدا بودجەی زیاتریان بۆ دابین بكەین، بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا تەواویان بكەین، كە بەشێكی پڕۆژەی رێگاوبانەكانی نێوان سلێمانی-هەولێر گرێبەستەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو، بەڵام بە چەندین هۆكار كە گرنگترینیان قەیرانی دارایی بووە، تەواو نەكراون".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "هەر لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە، ٧٩٢ كیلۆمەتر چاككردنەوەی رێگاوبانەكان هەبووە، لەگەڵ هەشت پرد و تونێل، كە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندان، هەروەها زیاتر لە ٨٠٠ كیلۆمەتر رێگای گوندەكان بە بەردەوامی كاری تێدا دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا (٤٩) پڕۆژە تەواو كراون و زیاتر لە ١٢٩ پڕۆژەی دیكەی ڕێگاوبانیش لە قۆناغی جێبەجێكرداندان، كە خۆی لە ٤٤٠كیلۆمەتر رێگای دووساید و ١٠كیلۆمەتر رێگای یەكسایددا دەبینێتەوە".
سەبارەت بە یەكەكانی نیشتەجێبوونیش، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، كە وەزارەت چاوەڕێی دابینكردنی بوجەیە بۆ تەواوكردنی ئەو یەكە نیشتەجێوونانەی كە لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێم خراونەتە بواری جێبەجێكرنەوە. رەتیشی كردەوە كە هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبوون دابەش كرابێت، وەك ئەوەی لە هەندێك شوێن باس كراوە.
ئەرسەلان ئەحمەد




