٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساسان عەونی: کابینەی نۆیەم لە هەوڵی ئەوە دایە چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکاندا بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە بە بەراورد بە ساڵی 2019 لە ساڵی 2020دا ٪70ی داهاتی وەزارەتی شارەوانی کەمی کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتگوزارییەکانمان بەردەوام بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری هەولێر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کۆنفرانسی ڕێکخستنەوەی داهاتی ڕێک خست لەو کۆنفرانسەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی گوتی: "لەگەڵ ئەوەی کە داهاتی وەزارەتی شارەوانی کەمی کردووە، بەڵام خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن و دەبێ بە هەمووان هەوڵی ئەوە بدەین داهاتی شارەوانی بەرز ببێتەوە و ئەوەش بەمەستی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتییان".

وەزیری شارەوانی گوتیشی: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوە دایە چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکاندا بکات و وەزارەتی شارەوانیش لە ڕێگەی خەرجی و کۆکردنەوەی داهاتەوە چاکسازی دەکات و هەوڵیش دەدات بە کۆکردنەوەی داهات خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات، چونکە بە وەرگرتنی داهات، بەشێکی بۆ وەزارەتی شارەوانی دەبێت و خزمەتگوزاریی ناوچەکانی پێ دابین دەکرێت".

هەر لەمبارەوە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: "لەڕێگەی 11 فەرمانگەوە کە 13 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، ڕۆژانە 1 ملیۆن و900 هەزار مەتر ئاو دابین دەکرێت و لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 972 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە کە 572 هەزار بەشداربوویان پێوەری ئاویان بەستراوە".

ئاری ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: "لە ماوەی نێوان ساڵی 2015 تا 2020 لە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆدا 851 ملیار دینار خەرجی هەبووە و 207 ملیار دیناریش داهاتمان هەبووە".

کۆنفرانسی ڕێکخستنەوەی داهاتی وەزارەتی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان ماوەی یەک ڕۆژ گفتوگۆ لەسەر چوار تەوەر دەکات  کە ئەوانیش ئاو و ئاوەڕۆ، شارەوانییەکان، گەشتوگوزار و خزمەتگوزارین.

 

خێڵان به‌ختیار 

هەواڵی پەیوەندیدار