"چین پێنجھەزار ڤاکسینی دژی کۆرۆنا دەبەخشێتە ھەرێمی کوردستان"

ھەولێر-KDP. info- وڵاتی چین بڕیاری داوە پێنجھەزار ڤاکسینی دژە کۆرۆنا وەک ھاوکاری پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان بکات و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییش ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە گواستنەوەیان دەکرێت.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتی چین بڕیاری داوە بەبێ بەرامبەر ڤاکسینی بەرھەمھێنراوی چینی ببەخشێت بە ھەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە پێنجھەزار ژەمە ڤاکسینی بەرھەمی چینی sinopharm ڕادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات."
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە ڕێکاری گواستنەوەی ڤاکسینە چینییەکە دەکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان و بەشی دووھەزار و ٥٠٠ نەخۆش دەکات، چونکە ھەرکەسێک پێویستی بە دوو ژەمە ڤاکسین هەیە."
د. ئاسۆ حەوێزی ڕوونی کردەوە: "ڤاکسینەکەی چین لەلایەن عێراقەوە پەسەند کراوە و ھەموو ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ دابینکردنی ڤاکسینە تا ھاووڵاتییانی ئێمە سوودمەند بن لەو ڤاکسینانەی لە جیھاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەرھەم ھاتوون."
قائید میرۆ




