وەزارەتی شارەوانی كۆنفڕانسێك بۆ ڕێكخستنەوە و زیادكردنی داھات دەبەستێت
__2021_02_06_h16m12s32__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سبەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كۆنفڕانسێك بە مەبەستی ڕێكخستنەوە و زیادكردنی داھات لە شاری ھەولێر دەبەستێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی داھات زیاد بكرێت، ئەمەش لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانە، كە داوای ڕێكخستنەوەی داھاتی كردووە.
كوردۆ شابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سبەی وردەكاریی كۆنفڕانسەكە باس دەكەین، كە لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران، داوا لەو وەزارەتانە كرا كە داھاتیان ھەیە، تا ڕێكخستنەوە بۆ داھاتیان بكرێت، بۆیە بۆ ئەوەی ڕێژەی داھات زیاد بێت و پشت بە داھات ببەستین، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەكو یەكەم وەزارەت كاری لەسەر كرد لەناو وەزارەتدا، بڕیاریشمان دا بیكەینە كۆنفڕانس بە ئامادەبوونی لیژنەكانی پەرلەمان و چەند وەزارەتێك، كە ئەوانیش پەیوەستن بەو بابەتەوە، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرن".
شابان گوتیشی: "لە كۆنفڕانسەكەدا دوای ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسەكان دەكرێت، دواتر كۆنووس دەكرێت و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت و لە كۆتاییدا بكەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان."
ناوبراو باسی لەوەش كرد، سبەی سەعات ١٠ی بەیانی كۆنفڕانسەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت لە گەڕەكی ٣٢ی پارك، پشت مزگەوتی ئەسعەدی.
بڵند ئیبراھیم




