سبەی بە دوو رێگا دەوام لە قوتابخانەكان دەست پێدهكاتهوه

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ ئەوەی سبەی دەوام لە قوتابخانەكان دەست پێبكات و دەوامكردنی قوتابیانیش بە دوو رێگا دەبێت، یان یان رۆژێك نا رۆژێك دەبێت و یاخود ھەفتەی سێ رۆژ دەوام دەبێت.
ئەحمەد گەرمیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشوازییەكی باش لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان ھەیە و مامۆستایان لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدان و پەروەردەكانیش بەرنامەی خۆیان دادەنێن بۆ شێوازی دەوامكردن و چۆنیەتی دەوامكردنی مامۆستایان، بۆیە سبەی بە شێوەیەكی ئاسایی پرۆسەی خوێندن دەست پێدەكات و ھیچ گرفتێك لە بەردەمیدا نییە و مامۆستایانیش ئامادەی دەوامكردنن و ھیچ كێشەیەكیان نییە".
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتیشی، بۆ دەوامكردن دوو پێشنیاز و دوو رێگا ھەیە، ئەویش رۆژ نا رۆژێك لە ھەفتەیەكدا دەوام بێت، یان ھەفتەی سێ رۆژ دەوام بكەن، ئەوەش لەسەر ناوچەكان دەمێنێتەوە چۆن دەوام دەكەن، كە بە یەكێك لەم دوو رێگایە دەبێت.
گەرمیانی باسی لەوەش كرد: "ئەمە حاڵەتێكی ناچارییە و دەست بە دەوام دەكەین تا ٢٣ی ئەم مانگە، ئەوكات لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكەن و بڕیار دەدەن بەو شێوە بەردەوام بێت یان گۆڕانكاری بكرێت، ھەموو ھەوڵێكیش دەدرێت پرۆگرامی خوێندن تەواو بكرێت، چونكە ئامادەكاریی باش كراوە.
بڵند ئیبراھیم




