٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەنعان خەیلانی: ئومێد خۆشناو و دوو كەسی دیكەش كاندید كراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، بڕیارە رۆژی دووشەممە سەعات ١٠ی بەیانی، ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر كۆببێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر كاندیدی نوێی پارێزگاری ھەولێر بدرێت، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش (ئومێد خۆشناو)ی كاندید كردووە.

كەنعان خەیلانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "دوای راگەیاندنی كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر بەپێی یاسا، ھەفتەیەك بۆ ھەموو خەڵكی سنووری ھەولێر دەرگای كاندیدكردن كرایەوە، كە سیڤی پێشكەش بكەن و، ئێمەش (ئومێد خۆشناو)مان  كاندید كرد و ناوەكەمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر كرد وەكو كاندیدی فراكسیۆن و، دوو كەسی دیكەش كاندید كراون".

خەیلانی گوتیشی، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر كۆببێتەوە و دەنگدان لەسەر كاندیدی پارێزگاری نوێی ھەولێر دەدرێت و پرۆسەكەش سەعات ١٠ی بەیانی بەڕێوە دەچێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان، (ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ پارێزگاری نوێی ھەولێر كاندید كردووە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار