٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و كۆنسووڵی گشتیی یۆنان كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هاوڕێیەتیی ئەمیر جەرگیس، بەرپرسی دێسكی ئەورووپای پەیوەندییەكانی دەرەوە و عەلی بابەكر، ئەندامی مەكتەب، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی كۆنسووڵی گشتیی كۆماری یۆنان لە هەرێمی كوردستان، سەردانی كۆنسووڵگەریی گشتیی یۆنیان كرد لە هەولێری پایتەخت و لە لایەن بەرێز ئێفتیمیۆس كۆستۆپۆلۆس، كۆنسووڵی گشتیی كۆماری یۆنان لە هەرێمی كوردستان، بە گەرمی پێشوازی كران.

لە دیدارەكەدا، بە هۆی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان، سوپاسی دۆستایەتیی گەرم و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان كۆنسووڵی گشتی و ستافی كۆنسووڵگەریی یۆنان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان كرا و سوپاسی پشتیوانی و هاوكارییەكانی كۆماری یۆنان كرا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی دیموكراتی لە كوردستان و لە هەموو بوارەكانی تر و بە تایبەتی لە سەردەمی شەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە كوردستان، سوپاسی هاوكارییەكانی سەربازی و مرۆیی و پشتیوانیی سیاسی و دیپلۆماسیی كۆماری یۆنان لە هەرێمی كوردستان كرا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی  نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر بە تایبەتی.

هەروا كردنەوەی كۆنسووڵگەریی گشتیی كۆماری یۆنان لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی بەڕێز ئیفتیمیۆس كۆستۆپۆلۆس وەك یەكەمین كۆنسووڵی گشتیی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان، بە دەستكەوتێكی گرنگی بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری یۆنان زانی لە هەموو بوارەكاندا، كە بە سەرەتای گەشەسەندنی پەرەپێدانی هاوكاری و هەماهەنگیی ئابووری و بازرگانی، فراوانتركردنی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی، زانستی و كەلتووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری یۆنان هەژمار دەكرێت.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) هیوای سەركەوتنی بۆ بەرێز ئیفتیمیۆس كۆستۆپۆلۆس خواست لە وەرگرتنی پۆستی تازەی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە پایتەختی سێنێگاڵ.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكە دا، باسی میكانیزمی فراوانكردنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری یۆنان و گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لەگەڵ پارتە سیاسییەكان ، پەرلەمان و دامەزراوەكانی كۆماری یۆنان كرا. شیكردنەوەیەكی سیاسیش كرا بۆ دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و دیالۆگی سیاسی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە مافە دەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی هەرێم پەیوەست بە بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم، دوا پێشهاتەكان تایبەت بە  دۆخی سیاسی و ئەمنی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەكانی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان و دەستپیكردنەوەی كار و چالاكییەكان دوای كەمبوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاووتوێ كران.

كۆنسووڵی گشتیی كۆماری یۆنان لە هەرێمی كوردستان،  خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانەی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) خستە روو و ڕایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەڵانی دۆست كورد و یۆنانی مێژوویین و زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوان كوردستان و یۆنان دا هەیە كە دەبنە بناغەی بەهێز بۆ پێكەوەكاركردن لە هەموو بوارەكاندا. هەردوو گەل خاوەن شارستانیەتی دێرین و كەلتوور و مێنتاڵیتی بەرزن  و ئاشنایی و پشتگیری و هاوسۆزی گەل و حكوومەتی یۆنانیش بۆ خەباتی ڕەوای گەلی كورد ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە كە لە زۆر سەرچاوە ئاماژەی پێكراوە و بوونی ڕەوەندی كوردستانی لە وڵاتەكەی هەروا ڕێخۆشكەر بووە بۆ فراوانبوونی پەیوەندییەكانی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی دۆست، هەر بۆیە وڵاتەكەی گرنگیی  تایبەت بە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی سیاسی، ئابووری و بازرگانی و زانستی و كەلتووری و ... وڵاتەكەی لە گەڵ هەرێمی كوردستان دەدات و هیوای خواست كۆنسووڵی گشتی تازەی وڵاتەكەی  بەردەوامی بە فراوانكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی  نێوان  كوردستان و یۆنان بدات، كە لەگەڵ هەریمی كوردستان و دامەزراوەكانی بنیادیان ناوە.

بەڕێز ئیفتیمیۆس كۆستۆپۆلۆس خۆشحاڵیی خۆی بە كاركردن لە هەرێمی كوردستان و تیكەڵاویوون و ئاشنابوونی بە  كەلتووری بەرزی پێكەوەژیان و كۆمەڵگای كوردستان وهاوكاری و هەماهەنگی  لەگەڵ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی كاركردنی وەك یەكەمین كۆنسووڵی گشتی یۆنان لە هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند. باسی گۆڕانكارییەكان و ژینگەی سیاسی وڵاتەكەی كرد لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی گشتی لە یۆنان، پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەسەر ئاستی یەكێتی ئەورووپا و  هاوپەیمانی ئەتلەنتیكی ناتۆ و یەكێتیی ئەورووپا و  كۆنفلیكت و ناكۆكییەكان لە ناوچەكە و دۆخی مرۆیی ئاوارەكان لە یۆنان و چەندین بابەتی تری لەگەڵ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەوی (پ.د.ك) تاووتوێ كرد.

هەروەها ڕایگەیاند، سەردانی سیاسیی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەڕێز لیۆنیداس كۆنتۆڤۆناسیۆس، باڵیۆزی یۆنان لە عێراق  و دیدار لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و گەورەبەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی حكوومەتدا، ئاماژەیەكە بۆ پەیامی وڵاتەكەی لە بایەخپێدانی زیاتری كۆماری یۆنان بە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان كوردستان و یۆنان لە هەموو بوارەكانی جێی بایەخی نێوان هەردوو لا.

 

      

هەواڵی پەیوەندیدار