٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆنفرانسی دیپلۆماتکاران لە پۆلۆنیا بە بەشداری نوێنەری حکوومەتی ھەرێم ئەنجام درا

سەرچاوە: KDP.info

پۆلۆنیا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، زیاد ڕەئووف، بەشداریی کرد لە کۆنفرانسی "Diplomeeting" کە ساڵانە بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێەوە ڕێک دەخرێت لەلایەن ژووری بازرگانیی پۆلۆنیاوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەسەڵات و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی بیانی, بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی ئابووری و بازرگانیی نێوان پۆلۆنیا و وڵاتانی دەرەوە.

دەستپێکی کۆنفرانسەکە بە وتاری هەریەک لە بەڕێزان, سەرۆکی ژووری بازرگانیی پۆلۆنیا، بەڕێز ئەندژێی ئارێندارسکی "Andrzej Arendarski" و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری گەشەپێدان، بەڕێز یارۆسواڤ گۆڤین "Jarosław Gowin"  و بریکاری وەزیری دەرەوە، بەڕێز پاڤێڵ یابۆونسکی "Paweł Jabłoński"  و هەروەها سەرۆکی سندووقی گەشەپێدانی پۆلۆنیا، بەڕێز پاڤێڵ بۆریس "Paweł Borys" دەستی پێ کرد. لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەڕێزان باسیان لە ڕەوشی ئابووریی پۆلۆنیا کرد.

بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لە نێوان دیپلۆماتکاران و کاربەدەستانی پۆلۆنیا و کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا کە ئارەزووی کارکردنیان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.

زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، زنجیرەیەک گفتوگۆی ئۆنلاینی بەڕێوە برد کە تێیاندا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا پۆلۆنییەکانی کەرتە جیاجیاکان توانا و مەرجەکانی هاوکاریی بازرگانی و ئابووریی تاوتوێ کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆکان دەرکەوت کە کۆمپانیا پۆلۆنییەکان ئارەزوویەکی زۆری وەبەرهێنان و هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق. ئەو ڕاستییەش ئەوە دەسەلمێنێت کە سەرەڕای ڕەوشی نالەباری پەتای کۆرۆنا کە ڕووی لە هەموو جیهان کردووە, تاکو ئێستا ڕەوشی ئابووریی پۆلۆنیا بەرەو باشی ئەچێت و کۆمپانیا پۆلۆنییەکان زیاتر ئارەزووی فراوانکردنی چالاکییەکانیان دەکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

شایانی باسە ژووری بازرگانیی پۆلۆنیا لە ساڵی 2019 ڕێککەوتننامەی هاوکاریی لەگەڵ فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان (KFCCI) واژۆ کرد و لە هەمان کاتدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵ، خاتوو بێگەرد دڵشاد و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بەڕێز دکتۆر محەمەد شوکری، بەشدارییان کرد لە کۆبوونەوەی دیپلۆماسیی "Diplomeeting" کە لە شاری وارشۆ ئەنجام درا.

هەواڵی پەیوەندیدار