جموجۆڵی بازرگانی لە خاڵی سنووریی ئیبراھیم خەلیل زیادی کردووە
_(1)__2021_02_02_h17m28s5__HK.jpg)
ئیبراھیم خەلیل -KDP.info- سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای دھۆک گوتی، بەھۆی ئاسانکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بازرگانان لە خاڵی سنووریی ئیبراھیم خەلیل جموجۆڵی بازرگانی سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەخۆشیی کۆرۆنا بەردەوام بووە و ھەندێک ڕۆژ دووھەزار بارھەڵگر کەلوپەلیان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە جووڵەی بازرگانی زۆر باشە و زیادی کردووە.
بەپێی ئامارێک لە ساڵی ٢٠٢٠وە تا ئێستا ملیۆنێک و ٩٠ ھەزار بارھەڵگر کەلوپەل لە ڕێگەی ئیبراھیم خەلیلەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە، سەرۆکی ژووری بارزگانیی پارێزگای دھۆکیش دەڵێت: "ئەو کەلوپەلانەی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون جۆراوجۆر بوون و بەشێکیشیان بۆ پارێزگاکانی عێراق ڕۆیشتووە، ئەمەش بەھۆی ئاسانکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ بازرگانان."
ئەیاد حەسەن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھاوردەکردنی کەلوپەل لە تورکیاوە بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئیبراھیم خەلیلەوە بەردەوامە و قەت نەوەستاوە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەخۆشیی کۆرۆنا، ڕۆژانە لە ٥٠٠ تا دووھەزار بارھەڵگر لەسەر داواکاریی بازرگانان ھاوردە دەکرێت، بۆیە ٢٤ سەعاتە ھاتوچۆی بازرگانی ھەیە و بەردەوامیش دەبێت."
حەسەن ڕوونیشی کردەوە: "ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان ئێمە و ئەواندا ھەیە و بەردەوام ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکرێت و ئاسانکاریی زۆر بۆ بازرگانان دەکرێت و کەلوپەلیان دوا ناکەوێت و حکوومەتی ھەرێم ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات و ئەمساڵ ئاسانکاریی زیاتر کراوە و ڕێگا کراوەیە و شوێنی زیاتر دابین کراوە و کەلوپەل بۆ بەغدا دەڕوات و بازاڕەکان ھەموو جۆرە کەلوپەلێکیان تێدایە، بۆیە دۆخی بازرگانی زۆر باشە."
بڵند ئیبراھیم




