ناسر ھەركی: سبەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران تاووتوێی كۆمەڵێك پرس دهكەین

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە سبەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران كۆببنەوە و تێیدا تاووتوێی كۆمەڵێك پرس بكەن، لەوانە، ناوچە كوردستانییەكان و شنگال و دۆخی ئەمنی بە گشتی لە عێراقدا.
دكتۆر ناسر ھەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە سبەی سەعات یەكی دوای نیوەڕۆ، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق كۆبوونەوەیەك ساز بكەن.
ھەركی گوتیشی: "مەبەست لەكۆبوونەوەكە، تاووتوێكردنی دۆخی ئەمنییە لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و ئەو تەقینەوانەی بەم دواییە لە بەغدا روویان داوە، كە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە بەرپرسە ئەمنییەكان كرا و هەوەها ھەماھەنگییش لە نێوان ھێزە عێراقییەكاندا نییە، بۆیە دەمانەوێت ھەوڵ بدەین كە كۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی بكرێت و جگە لەوەش باسی پرسی ئەمنیەتی ناوچە كوردستانییەكان دەكەین، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو ناوچانە ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو حكوومەتدا دروست بێت".
ناوبراو ڕاشیگەیاند، لەو كۆبوونەوەیەدا باسی رێككەوتنی شنگالیش دەكرێت، كە تاوەكو ئێستا ئەویش جێبەجێ نەكراوە.
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو گۆڕانكاریانەی بەرپرسە ئەمنییەكان كە رووی داوە، پێویستە روون بێتەوە لەسەر چ بنەمایەك كراوە، چونكە ئەگەر بەرپرس بگۆڕدرێت پێویستە یان كەمتەرخەم بێت، یانیش ھۆكارێك ھەبێت بۆ گۆڕینی، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی باسی دۆخی ئەمنی لە عێراق دەكرێت.
بڵند ئیبراھیم




