٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماوه‌ی نوێكردنه‌وه‌ى تۆمارى بایۆمه‌ترى درێژكرایه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ، نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ سەرەتای مانگی نیسان درێژ كراوەتەوە، رێژەی 66 لە سەدی خەلكی پارێزگای دهۆكیش ناوی خۆیان بۆ نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تۆمار كردووە.

خالید عەباس عومەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئێستادا سێ بڕیاری نوێ لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەرچوون، یەكێك لەو بڕیارانە، نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەترییە كە تاوەكو 1 ی مانگی 4 ی 2021 درێژ كراوەتەوە، ئەمەش هەلێكی باشە بۆ دەنگدەرانی پارێزگای دهۆك و هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراقیش، كە ئەوانەی ماون خۆیان تۆمار بكەن، یاخود گواستنەوەی ناوەكانیان لە چوارچێوەی بازنە و، هەروەها ئەوانەی لەدایكبووی ساڵی 2001 و 2002 و 2003ن، دەبێت لەو ماوەیەدا ناوی خۆیان تۆمار بكەن، هەر لەو ماوەیەشدا ناوی كاندیدان تا 10 ی 2 و، پێكهێنانی هاوپەیمانیش تۆمار دەكرێت تا 1 ی 3."

بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەشڵێ: "تۆماركردنی دەنگدەرانی گشتی و ئاوارەكان بەردەوامە لە سنووری پارێزگای دهۆك و،‌ 30 تیمی گەڕۆكمان پێك هێناوە بۆ ئەم پرۆسەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 41 بنكەی تۆماری بایۆمەتری تەواوی رۆژەكان بە رۆژانی هەینی و شەممەشەوە، لە سەعات 8 بۆ 3 ی ئێوارە كار دەكەین."

خالید عەباس گوتیشی: "رێژەی 66  لەسەدی خەڵكی پارێزگای دهۆك ناوی خۆیان بۆ نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تۆمار كردووە، رێژەی دابەشكردنی كارتی بایۆمەتریش بووەتە 91 لەسەد، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆكیش پلانێكمان داناوە بۆ تۆماركردنی لەدایكبووانی 2001، 2002 ، 2003، كە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و رۆژانە 1500 بۆ 2 هەزار دەنگدەر ناویان تۆمار دەكرێت، داواش لە هاووڵاتیان دەكەین بۆ بێبەشنەبوونیان لە مافی دەنگدان، ئەوانەی ماون ناوی خۆیان تۆمار بكەن و كارتی دەنگدانی خۆیان وەرگرنەوە، چونكە تەنها بەم دوو رێگایە دەتوانن دەنگ بدەن".

ناوبراو زیاتر گوتی: "بە شێوەیەكی فەرمی رۆژی 10ی 10ی 2021 لەسەر پێشنیازی كۆمسیۆن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری كراوە."

حكوومەتی عێراق پێشتر رۆژی 6-6-2021ی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری كردبوو‌، بەڵام ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی 10ی 10ی 2021ی بۆ رۆژی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد.

 

 نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار