٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاری ئەحمەد: ئەمساڵ ھەشتا پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو ئامادە کراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-‌KDP.info- لە ھەرێمی کوردستان ھەشتا پڕۆژەی ستراتیژیی بواری ئاو و ئاوەڕۆ ئامادە کراون و بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، کێشەی ئاوەڕۆی ھەولێر چارەسەر دەکرێت و وێستگەی پاڵاوتنیش دادەمەزرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا کار لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو بەردەوامە بۆ تەواوکردنیان و بڕیاری ئەمساڵ پڕۆژەی گۆڕینی ئاوەڕۆی ھەولێر و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆکەیە کە ئەویش پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، چونکە جگە لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆ لەنێو سەنتەری شاری ھەولێر، وێستگەی پاڵاوتنیش بۆ ئاوەڕۆی ھەولێر دادەمەزرێت، ئەمەیش لەسەر قەرزی ژاپۆنی ئەنجام دەدرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی: "پڕۆژەکان دابەشی سەر ھەموو ناوچە و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کراون، چونکە ساڵی ڕابردوو سێ پڕۆژە بە یەک پاکێج بۆ شاری سلێمانی و ھەڵەبجە ئەنجام دران."

ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ پلانی کورتخایەن و درێژخایەنی ئامادە کردووە کە لە چوارچێوەی پلانەکەدا ھەشتا پڕۆژەی ستراتیژی و زیاتر لە ٣٠٠ پڕۆژەی  ئاسایی پێشکەش بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراون، تا لە کاتی گونجاودا ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنیان بدرێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار