د.که‌یوان ئازاد: له هیچ قۆناغێکدا ده‌سه‌ڵاتدرانى عێراق دانیان به مافه ڕه‌وه‌کانى گه‌لى کورددا نه‌ناوه

سلێمانی-KDP.info- د. که‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، مامۆستاى زانکۆ و پسپۆڕى بوارى مێژوو، له چاوپێکه‌وتنێکى تایبه‌تى ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستاندا، باس له کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌رى تایبه‌ت به بارودۆخى ناوچه‌که و ئاسۆى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق ده‌کات و ده‌ڵێت: "به درێژاییى 200 ساڵى ڕابردوو له هیچ قۆناغێکدا ده‌سه‌ڵاتدرانى عێراق دانیان به مافه ڕه‌وه‌کانى گه‌لى کورددا نه‌ناوه، هه‌رکاتێک ده‌سه‌ڵاتى سوننه و شیعه به‌هێز بووبێت پشتیان له کورد کردووه و عێراق هه‌رگیز مافه‌کانى کورد نادات و بوون و مانه‌وه‌ى له عێراقى ئێستادا بووه به مه‌حاڵ، ته‌نها چاره‌سه‌ریش, بۆ کێشه‌کانى ئێستا و داهاتوو دیاریکردنى ئاینده‌ى خۆیه‌تى".
ئاستى په‌یوه‌ندییه‌کانى به‌غدا و هه‌ولێر له چ ئاستێکدایه, چۆن له په‌یوه‌ندییه‌کان ده‌ڕوانیت؟
- په‌یوه‌ندییه‌کان له ئاستێکى باش نابینم, عێراق له هه‌وڵى له‌قاڵبدان و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وەی ئه‌و چوارچێوه فیدراڵییەدایە که ئێستا کورد له چوارچێوه‌ى هه‌رێم هه‌یه‌تى, ده‌بینین ئێستا عێراق ده‌یه‌وێت ته‌واوى داهاتى نه‌وت و خاڵه سنوورییه‌کان بخاته ژێر ڕکێفى خۆى, بۆیه هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت زۆر به وریاییه‌وه مامەڵە له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا بکات و هه‌رگیز ڕێگه به‌مه نه‌دات هه‌وڵ بدات به‌پێى داهاتى به‌رده‌ست مووچه دابه‌ش بکات, چونکه عێراق سوودى له دۆخى خراپى ئابووریى هه‌رێم و په‌رته‌وازەییى نێوماڵى کورد وه‌رگرتووه و ڕۆژ به ڕۆژ مه‌رج و داواکاریى تر‌ى هه‌یه.
میکانزمى چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان چۆن ده‌بێت و ده‌بێت چى بکرێت؟
- ئێمه‌ى کورد ناتوانین, له چوارچێوه‌ى عێراقدا وه‌ک هاووڵاتى بژین به‌م حاڵەى که ئێستا دۆخى وڵاته‌که‌ى پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت, عێراق هه‌رگیز نابێته ناوه‌ندى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان نه له ئێستا و نه له ئاینده‌دا, بۆیه ته‌نها چاره‌سه‌ر به‌رده‌وامیدانه به جێبه‌جێکردنى هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى و نه‌هێشتنى ئه‌وه‌ى پێى ده‌وترێت دوومووچه‌یی, ئێستا چه‌ند هێزێکى سیاسى له هه‌رێم هه‌ن که بۆ مووچه خه‌ریکه خۆیان به به‌غدا ده‌فرۆشن, له کاتێکدا ئه‌وه‌ى کورد له عێراق خه‌باتى بۆ کرد ئه‌مه نه‌بوو, به‌غدا باش سوودى له لاوازى و په‌رته‌وازەییی هێزه‌کانی هه‌رێم وه‌رگرتووه، بۆیه به‌رچاوى ڕوونه کە چى ده‌کات, جار له دواى جار سه‌قفى داواکارییه‌کانى به‌رامبه‌ر به هه‌رێم به‌رز ده‌کاته‌وه، کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ر و مه‌له‌ف دێنێته به‌رباس که هیچ کات له ڕابردوودا سه‌رکردایه‌تیى کورد ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نه‌بووه گقتوگۆیان له‌باره‌وه بکات.
بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو کورد به‌چى ڕێگه‌یه‌ک ده‌توانێ لۆبى کۆ بکاته‌وه؟
- به‌ڵێ, کورد پێش هه‌موو شتێک له ڕێگه‌ى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوووه‌کان و ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا و ولاتانى دیکه‌ى هاوخواستى ئێمەوە فشار و زه‌خت له به‌غدا بکات و به ڕوونى پێیان بڵێت: "به‌شدارى له هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق ناکه‌م تاوه‌کو به‌غدا ته‌واوى داوا ڕه‌واکانى هاووڵاتییان و مووچه‌خۆرانى کوردستان جێبه‌جێ نه‌کات, ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ى کورسیى په‌رله‌مانیش به پێوه‌ر وه‌ربگرین، کورد ئه‌و ژماره قه‌به و گه‌وره‌یه نییه چى بوێت بیکات, بۆیه هه‌ر به‌شداریکردنى کورد (ته‌واوى هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستان) له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى که بڕیاره له مانگى ئۆکتۆبه‌ر بکرێت بۆ کورد ئه‌نجامى باشى نابێت, ئه‌گه‌ر بێت و گرفته‌کان وه‌ک ئێستا به چاره‌سه‌رنه‌کراوى بمێنێته‌وه، چونکه ئێستا دۆخى هاووڵاتى له ڕووى بژێوی ڕۆژانه باش نییه و خراپه.
پێگه‌ى ئێستاى هه‌رێم له ناوچه‌که چۆنه؟
- بێگومان پێگه‌ى ئێستای هه‌رێم پێگه‌یه‌کى لاواز نییه، به‌ڵکو به‌هێزه, له ئاستى هه‌رێمى و نێوده‌وڵەتى، دنیاى ده‌ره‌وه حسابى تایبه‌تى بۆ پێگه‌ى کوردستان و مه‌وقیعه جوگرافییه‌که‌ى ده‌کات, چونکه هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه پێگه‌یه‌کى ئارام و هێمن بووه بۆ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌کانى خۆى, به‌ریتانیا, فه‌رنسا, ئه‌مه‌ریکا, هه‌میشه هه‌وڵەکانیان به‌و ئاراستەیەدا بووه که پێوه‌ندییه‌کانییان فراوانتر بکه‌ن, ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ک نایه‌نه‌وێت قه‌واره‌ى سیاسى و ده‌ستووریى هه‌رێم لاواز بێت، هاتنى شانده دیپلۆماسى و سه‌ربازییه‌کان باشترین نموونه‌ن له‌و ڕووەوە, بۆیه ئه‌گه‌ر له خۆمانى تێک نه‌ده‌ین ده‌توانین زۆر له‌وه زیاتر بکه‌ین که کردوومانه.
ئەرسەلان ئەحمەد




