پەیامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیان بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە یادی تێپەڕینی 34 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی كاكە ئیدریسی جوانەمەرگدا، دەڵێن، بە ونبوونی، تێكۆشەرێك و ئەستێرەیەكی گەشی ئاسمانی كوردایەتی ئاوا بوو، كە لە دامێنی چیای شیرینی سەركەش لە ناوچەی بارزان هاتبووە ژیانەوە، ئێستاش وەكو ئەستێرەیەكی گەش و پڕشنگداری بەرز و پیرۆز لە ئاسمانی كوردایەتی و كوردستان و مرۆڤایەتی بۆ ھەمیشە دەدرەوشێتەوە.
ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
ئەمڕۆ سی و چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كارەساتێكی دڵتەزێن و خەمێكی گران كە كوردستانی داپۆشی، بە ونبوونی تێكۆشەرێك و ئەستێرەیەكی گەشی ئاسمانی كوردایەتی، كە لە دامێنی چیای شیرینی سەركەش لە ناوچەی بارزان هاتبووە ژیانەوە، لە گوندی بارزان لانكەی شۆڕش و بەرخودان و دوژمنشكێن، ئەویش كاكە ئیدریس مستەفا بارزانییە، ئەو سەركردە خۆشەویست و دڵسۆز و دووربینەی هەموو ژیانی لە پێناو كورد و كوردستان و پێكەوەژیانی ئاشتییانە تەرخان كردبوو.
ئیدریس بارزانی لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خانەوادە تێكۆشەر و فیداكارەكەیدا ئاوارەی باشووری عێراق دەبن پاش ئەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی ڕوو لە یەكێتیی سۆڤێتی جاران دەكەن بۆ ماوەی یانزە ساڵ لە شارەكانی بەسڕا و بەغدا و مووسڵ، لە ژیانێكی پڕ لە كێشە و دژواردا دەژیان. بەڵام هەردەم متمانە و باوەڕیان بەهێز بوو، چونكە خاوەنی پەیام و دۆزی ڕەوا بوون و، بۆ گەل و خاكێكی داگیركراو تێدەكۆشان، دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەكێتیی سۆڤێت لە ساڵی ١٩٥٨ كاكە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد، لەگەڵ خانەوادەكەیان دەگەڕێنەوە بارزان و، لەگەڵ یەكەم چركەساتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئیدریس بارزانی وەكو لاوێكی خوێنگەرم و ژیر و چاونەترسی كوردستان، دەبێتە پێشمەرگە و، لەبەر لێهاتوویی و قارەمانێتی و ئاستی بەرزی ڕۆشنیری، هەر زوو وەكو سەركردەیەكی قارمان و لێزان و دیپلۆماتێكی سەركەوتوو دەردەكەوێت و دەبێتە جێگای متمانەی شۆڕش و بارزانیی نەمر و ڕۆڵی گرینگ و كارای لە شۆڕشدا دەگێڕا لە پەیوەندیكردن لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ناساندنی شۆڕش و ئامانجەكانی و گەیاندنی دەنگی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان. كاكە ئیدریسی سەركردە لە گفتوگۆكانی نێوان سەركردایەتیی شۆڕش و ڕژێمی بەعس ڕۆڵی كاریگەری هەبوو لەگەڵ بارزانیی نەمر و كاك مەسعوود بارزانی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتننامەی مێژوویی یانزەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠.
پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥، ئیدریس بارزانی ڕۆڵی گرینگی هەبووە لە سەرپەرشتیی ئاوارەكان لە ئێران و خەمخۆری ڕاستەقینەی پەنابەران بوو و، لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنحوازدا لە ساڵی ١٩٧٦ ئیدریس بارزانی لەگەڵ ڕێزدار جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و ژمارەیەك كادری گیانلەسەردەست، لە ژێر ئامۆژگاریی بارزانیی نەمر ئومێد و هیوا و متمانەیان بۆ خەڵكی سەربەرزی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی گەڕاندەوە.
ئیدریس بارزانی، هەمیشە باوەڕی بە گەل و مافە ڕەواكانی ھەبوو و ھەمیشە دەیگوت، هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دەبێت لە پێناوی سەرخستنی پرسی ڕەوای گەلەكەمان و تێكشكاندنی داگیركەرانی خاك و خەڵكی كوردستان بن، هەر بۆیە بە دەستپێشخەریی بەڕێزیان، پاش هەوڵ و كۆششێكی زۆر، بەرەی كوردستانی لە ساڵی ١٩٨٦ لە دایك بوو.
ئەم سەركردە مەزنە، ڕۆڵی گرینگی لە كۆنگرەی تاران لە ساڵی ١٩٨٧ بینی و، پێشنیازی یەكخستنی سەرجەم لایەنە عێراقییەكانی كرد بە كورد و عارەب، بە سوننە و شیعەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس.
مخابن، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩٨٧/١/٣١ لە شارۆچەكەی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێ لە كوردستانی ڕۆژھەڵات لە ئێران، دڵە گەورەكەی لە لێدان وەستا و بە دیمەن لەبەر چاو ون بوو، بەڵام وەكو ئەستێرەیەكی گەش و پڕشنگداری بەرز و پیرۆز لە ئاسمانی كوردایەتی و كوردستان و مرۆڤایەتی بۆ ھەمیشە دەدرەوشێتەوە.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەم سەركردە مەزنە، كە هەمیشە لە ویژدانی تێكۆشەرانی گەلەكەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدە سەربەرزەكانی كوردستان.
دكتۆر كەمال كەركووكی
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیان




