جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: مەسروور بارزانی سەردانی هەڵەبجە دهكات

هەڵەبجە-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەڵەبجە بەردی بناغە بۆ چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە پرد و شەقام و سایلۆ و ناوچەی پیشەسازی دادەنێت، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێ، پڕۆژەكان ژێرخانی ئابووریی ناوچەكە دەبووژێننەوە و سەدان هەلی كاریش دەڕەخسێنن.
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەت بڕیاری داوە چەندین پڕۆژەی گرنگ بۆ پارێزگای هەڵەبجە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئەمەش هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەڵەبجە".
ناوبراو دەڵێ: "شەقام و پردی توە قووت، دیزاینێكی نوێی بۆ كراوە و بڕی بودجەی تەرخانكراویش بۆ ئەو مەبەستە، 25 ملیار دینارە، كە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، دەروازەیەكی نوێ بۆ هەڵەبجە دەكرێتەوە و لە ڕوی ئابووری و گەشتییارییەوە گرنگییەكی زۆری بۆ پارێزگاكەمان دەبێت، كە سەرەتای مانگی ئادار، سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو دەبن".
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: "ناوچەی پیشەسازیی قورس لە هەڵەبجە بەردی بناغەی بۆ دادەندرێت، كە لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ڕووبەری 400 دۆنم زەوی جێبەجێ دەكرێت و كارەكانیشی بەرەو تەواوبوون دەڕۆن".
"پارێزگای هەڵەبجە، تاكە پارێزگایە سایلۆی نییە و ساڵانە بەرهەمی جووتیاران لە گەنم، ڕێژەیەكی زۆرە، بۆیە حكوومەت بڕیاری داوە سایلۆ بۆ هەڵەبجە دروست بكرێت، كە زەویی بۆ تەرخان كراوە و ئاڕاستەی وەزارەتە پێوەندیدارەكان كراوە، سایلۆكەش ساڵانە توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە". كاوە عەلی وای گوت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "جووتسایدی هەڵەبجە - سەیدسادق بودجەكەی 88 ملیار دینار بوو، كە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ كراوە و بڕێك پارەش لە پڕۆژەكە ماوەتەوە، بۆیە داوامان كردووە پارەكەی بۆ دانانی ڕاگر تەرخان بكرێت، تاكو شۆفێران لە مەترسی بپارێزرێن و لایەنی پێوەندیداریش بەڵێنی داوە ئەو پارەیەی ماوەتەوە، بۆ شەقامەكە تەرخان بكرێتەوە".
كاوە عەلی، هەروەها دەڵێ: "سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، بەڵێنی داوە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بكات، دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكانیش، تاكو سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ، لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە دادەندرێت".
عەزیز ڕەسووڵ




