٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیر: هیچ مەترسییەک لەسەر خوێندنى ئەمساڵ نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیرى پەروەردەى حكوومه‌تى هەرێمى کوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، کە لەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوەى لێژنەى باڵاى ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا، بڕیار لە کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان دەدەین و بەپێی پلانى ئامادەکراویش، هیچ مەترسییەک لەسەر خوێندنى ئەمساڵ نییە.

بەمەبەستى بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى لێژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى پەرلەمانى کوردستانى کرد و لە وەڵامى پرسیارى میدیاكاندا لەبارەى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکانى کوردستان گوتى: "پێشنیارمان کردووە بۆ لێژنەى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا کە لەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێت، ئەوەى ئێمە ئاراستەمان کردووە پێشنیاز بووە و گەڵاڵە کراوە، هەڵسەنگاندنى تەندروستیش زۆر گرنگە، لە کۆبوونەوەى داهاتوودا بڕیار لە کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان دەدەین".

لەبارەى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان، باسى له‌وه‌ كرد: "لە ڕۆژى 6ى ئەم مانگە بەرەو دوا دەرگاى قوتابخانەکان دەکرێنەوە، بەو میکانیزمەى کە وەزارەتى تەندروستى بۆ ئێمەى ئاراستە دەکات، ئه‌وه‌ ئەگەر لێژنەى باڵا بڕیاری لێ بدات، ئێمەش دەرگاى قوتابخانەکان دەکەینەوە، بەڵام بە شێوازى پێشووتر نابێ، واته‌ بە جەنجاڵى نابێ، بەڵکوو بەشێوازێکى وەها دەبێ، کە هەموان سەلامەت دەبن".

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "ئێمە واز لە ڕێکارەکانى خۆپارێزى له‌ په‌تاى كۆرۆنا ناهێنین، بۆ ئەوەى کە قوتابخانەکان کرانەوە، جارێکى دیکە ناچار نەبین دایانبخەین، چونکە تەندروستیى هاووڵاتییان و مامۆستایان و قوتابییان لە هەموان گرنگترە".

ئالان حه‌مه‌سه‌عید ڕوونیشى كرده‌وه‌: "مانگى ڕابردوو کە بڕیار درا سەرەتا قۆناغى 12ى ئامادەیی بچنەوە خوێندن، بڕیارمان دا کە ماوەى دوو تا سێ هەفتەمان بۆ هەڵسەنگاندن لەبەردەست بێ، بەردەوامیش هەڵسەنگاندنمان کردووە، ئەوەى ئێستاش بەرچاومان ڕوونە و ئەگەر دۆخەکە گونجاو بێ، بڕیار لە کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان دەدەین، بەڵام بەشێوەیەک بێت، کە کاریگەرى لەسەر دۆخى تەندروستى نەبێت".

هەواڵی پەیوەندیدار