٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ناسیح غەفوور: شەھید ئیدریس بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی ھەبوو لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانیدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر کۆچی دواییی شەھید ئیدریس بارزانیدا تێ دەپەڕێت و ھاوڕێیەکی شەھید ئیدریس دەڵێت، شەھید ئیدریس برا گەورەی ھەموومان بوو، ڕۆڵی سەرەکیی ھەبوو لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانیی ساڵی ١٩٨٦.

د. ناسیح غەفوور، ھاوڕێی شەھید ئیدریس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆتاییی شەستەکان پەیوەندیم بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کرد، بەڵام پێش ئەوەی پەیوەندی بە شۆڕەشەوە بکەم ئەوکاتەی لە کەرکووک بووم ھێشتا بەھۆی شەڕی بەناوبانگی ھەندرێنەوە ناوبانگی شەھید ئیدریسم بیستبوو، دوای ئەوەی بوومە مامۆستا لەنێو ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئاشنایەتیم لەگەڵ شەھید ئیدریس بارزانی پەیدا کرد."

ئەو ھاورێیەی شەھید ئیدریس دەشڵێت: "شەھید ئیدریس بارزانی ماوەیەک سەرپەرشتیی بەشی سەربازیی دەکرد و لە پەیوەندییەکانیش ڕۆڵی سەرەکیی ھەبوو، ئێمەیش کۆمەڵێک ھەڤاڵ و ھاوکاری کاک ئیدریس بووین، بەتایبەتی شەھید ئیدریس لە ساڵی ١٩٨٦ ڕۆڵی سەرەکیی ھەبوو لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانیدا."

د. ناسیح غەفوور جەختی کردەوە: "ئەوەی زیاتر ئێمەی خۆشحاڵ دەکرد کرانەوەی شەھید ئیدریس بوو، چونکە لەگەڵ ھەموو بۆچوونەکان کەسێکی کراوە بوو، بەڕاستی مرۆڤێکی میھرەبان و لێبوردە بوو، ھەتا بەرانبەر ئەوانەیشی نەیاری بوون، یان خراپەیان بەرانبەر بە شۆڕش کردبوو، کە دەھاتنە لای شەھید ئیدریس زۆر بە لێبۆردەییەوە تەماشای دەکردن."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار