"قوربانیانی دەستی تیرۆر قەرەبوو دەكرێنەوە"

شێخان-KDP.info- لە سنووری قەزای شێخان نووسینگەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر بە فەرمی كرایەوە و قایمقامی قەزای شێخانیش دەڵێ، قوربانیانی دەستی تیرۆر بە پارە قەرەبوو دەكرێنەوە و بێسەروشوێن و كوژراوانیش مووچە بۆ كەسوكاریان خەرج دەكرێت.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، نووسینگەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر بە فەرمی لە شێخان كراوەتەوە و ھەر ھاووڵاتییەك بە ھۆی شەڕ و كردەوە تیرۆریستییەكان زیانی بەركەوتبێت، دەتوانێت فۆڕم پڕ بكاتەوە و بە گوێرەی زیانەكانی لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە قەرەبوو دەكرێتەوە، زیانلێكەوتووانیش لە دوای نیسانی ٢٠٠٣ دەگرێتەوە.
قایمقامی شێخان دەشڵێت، ئەوانەی ماڵیان ھەبووە، بەپێی خەمڵاندن قەرەبووی ماددی دەكرێنەوە، ئینجا زیانەكان لەناوچوونی خانوو و ئۆتۆمبێل و پڕۆژە بێت یان ھەر بابەتێكی دیكە.
سەردار شێخ یەحیا ئاشكرای كرد: "ئەوانەی كەسوكاریان شەھید بووە یانیش بێسەروشوێن بوونە، مووچەیەكی مانگانەیان بۆ خەرج دەكرێت، بەڵام بۆ بریندارانی دەستی تیرۆر، بەپێی راپۆرتی پزیشكی پارەیەكی مانگانە وەك ھاوكاری بۆیان دیاری دەكرێت، داوا لە ھاووڵاتیانیش دەكەین سەردانی نووسینگەی قەرەبووكردنەوە بكەن".
قائید میرۆ




