"ھەرسێ قەزای ئاکرێ و سۆران و زاخۆ دەکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ"

ئاکرێ-KDP.info- بڕیارە ھەرسێ قەزای ئاکرێ و سۆران و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ. قایمقامی ئاکرێش دەڵێت، بڕیاری پارێزگابوونی ئاکرێیان ھەیە، بەڵام بەھۆی ڕێکاری یاسایی دەیانەوێت لە سەرەتادا ببیتە ئیدارەی سەربەخۆ.
مازن محەمەد، قایمقامی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری بەپارێزگابوونی قەزای ئاکرێ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەخراوەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئێمە ڕاپۆرتێکی وردمان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووە کە ئاکرێ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بخرێنە سەر ئیدارەی ئاکرێ، ھەرچەندە ئێمە دەستمان لە داواکاریی خۆمان بۆ بەپارێزگابوونی ئاکرێ بەرنەداوە، بەڵام پارێزگا کارێکی زۆری دەوێت و لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بە ڕەزامەندیی بەغدایە، لەبەر ئەوەش لە قۆناغی یەکەمدا دەمانەوێت ئاکرێ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ."
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت: "پەرلەمانی کوردستان ئامادەییی پێشان داوە بۆ داواکاریی ئێمە، دوای بڕینی ڕێکارەکان، ئیدارەی سەربەخۆ سوودی زۆری دەبێت بۆ ئاکرێ و بەردەڕەش، چونکە سنوورێکی فراوانی ھەیە و لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە وەک پارێزگا مامەڵە لەگەل ئیدارەی سەربەخۆ دەکرێت و میزانیەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت."
بەپێی بەدواداچوونی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارە ھەردوو قەزای ئاکرێ و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، لە ھەنگاوی یەکەمدا بۆ ئەوەی زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕاستەوخۆ خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان و لە کاتی سەردانی بۆ زاخۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی ئیدارەی سەربەخۆی بە خەڵکی زاخۆ داوە.
سەوری بێرۆخی، نوێنەری سۆران لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێکارەکانی ئیدارەی سەربەخۆ بۆ قەزای سۆران دەستی پێ کردووە و پەرلەمانی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی سۆران بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بێگومان سۆران گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و لە ھەرچوار قەزای سۆران و ڕواندز و مێرگەسۆر و چۆمان پێک ھاتووە و دەڤەرێکی فراوانی ھەیە."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەشڵێت: "ئەگەر وەک ساڵی ڕابردوو ڕەوشێکی تایبەت نەیەتە ئاراوە، ئەوە ئەمساڵ قەزای سۆران دەبێتە ئیدارەی سەربەخۆ، چەندین فەرمانگەی حکوومەتیش ئێستا لە سۆران ھەن و مامەڵەی ھەرچوار قەزای سنوورەکە بەڕێوە دەبەن."
قائید میرۆ




