سیروان محەمەد: ھەرێمی کوردستان ناتوانێت بەشداریی سەرژمێریی گشتی بکات

هەولێر-KDP.info- بڕیارە کۆتاییی ئەمساڵ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و سەرۆکی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بەغدا کارەکانی بە مەرکەزی کردووە و ئەگەر بەو شێوەیە بێت، ھەرێمی کوردستان ناتوانێت بەشداریی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی بکات.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرژمێری کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە ئامادەکاریی باش ھەیە، بەتایبەتی ئەم جارە سەرژمێریی گشتی بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بە تابلێت دەکرێت، ئەوەش ژێرخانێکی پتەوی دەوێت، ئەو ژێرخانەش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نییە، کارەکانی دەزگای ئاماری عێراق زۆر بە پچڕپچڕی بەڕێوە دەچن، ئەوانیش کێشەی خۆیان ھەیە، لەوانەش نەبوونی بوودجە و سنوردارکردنی بوودجەکەیان، لەبەر ئەوەش ئامادەکارییەکانی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان ئامادەکاریی زۆر سەرەتایین."
سەرۆکی دەستەی گشتیی ئامار گوتی: "بابەتی پشکی بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێریی گشتی چارەسەر نەکراوە و وەزارەتی پلاندانانی بەغدا بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە بۆ ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتی، لەوەش ناچێت بیانەوێت کێشەکە چارەسەر بکەن و ئێمە وا تێ گەیشتووین دەیانەوێت کارەکان بە مەرکەزی بەڕێوە بچن و یەک دینار نەدەن بە وەزارەتی پلاندانانی ھەرێمی کوردستان."
سیروان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە ڕۆژی ١٠/١٠ی ئەمساڵ ڕێگرە لە بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی، چونکە ناکرێت ھەردوو پرۆسەکە نزیک بن لە یەکەوە، دواتر بە ئاسانی لایەنە سیاسییەکان دەتوانن بە ئاسانی تانە لە ئەنجامی سەرژمێری بدەن، من بە دووری دەبینم سەرژمێری لە وادەی خۆیدا، کۆتایی ئەمساڵ، بەڕێوە بچێت، ئەگەر عێراقیش بڵێ ئامادەکاریم کردووە و بە ھەر شێوەیەک بیانەوێت پڕۆسەکە بەڕێوە بەرن، ئەوە ھەرێمی کوردستان ناتوانێت بەشداری بکات."
قائید میرۆ




