٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رۆژ رۆژی برایەتییە

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر: جان دۆندار

سەرچاوە: میللیەت

لە بیرتانە ساڵًی رابردوو کاتێک کە هاوکارییەکان پێشکەشی خەڵکی وان دەکران کە بە هۆی زەمین لەرزەکەیەوە زەرەریان بەرکەوتبوو، یەکێک قەمسەڵەکەی خۆی وەکو هاوکاری پێشکەشی خەڵکی وان کردبوو و لە نێو یەکێک لە گیرفانی قەمسەڵەکەیدا پەیامێکی گچکەی نووسی بوو و وتبووی" براکەم سەری خۆتان خۆش بێت ئەم شتە بە سەری منیشدا هاتووە، ئەمە قەمسەڵەی منە و ئەمەیش ژمارە تەلەفوونی منە ئەگەر هەر جۆرە پێویستییەکت هەبوو تەلەفوونم بۆ بکە بە سەرچاو لە خزمەتتدام.
دوای یەک حەفتە لە گەیشتنی ئەم قەمسەڵەیە بۆ شوێنی مەبەست، ئەو کەسەی کە قەمسەڵەکەی بەرکەوتبوو، کۆرتەنامەیەکی ناردووە و وتوویەتی" براکەم زۆر سوپاست دەکەم ئێستا من بە قەمسەڵەکەی تۆ خۆم گەرم دەکەمەوە بەڵێن بێت ئەگەر رۆژێک تۆیش تووشی کێشەیەک بیت ئەوا من ئامادەم هەر جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بکەم.
حەقیقەت ئەوەیە کە بە هۆی ئەم جۆرە تایبەتمەندییانەی کۆمەڵگەی کوردی و تورکی مرۆڤ ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک لەم دوو کۆمەڵگایە بێ هیوا بێت. ئەگەر متمانەمان بەوە هەیە کە لەم وڵاتەدا رەگەزپەرەستی و شۆڤەنیزم ناتوانێت ناکۆکی و ئاڵۆزی بخاتە نێوان پێکهاتەکانەوە ئەوا لە بەر هەبوونی رۆحێکی بەهێزی برایەتی لە نێوان پێکهاتەکانە.
ئەگەر لەم چەند ساڵە و لە سەدەی بیستەمدا کورد و تورک زۆر لە یەکتر تووڕە بووبنیش و قسەیشیان بە یەکتر وتبێت بەڵام جارێکی دیکە بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەی کوردی نە عەقلی خۆیان، نە کلتووری خۆیان و نەیش رۆحی برایەتی و پێکەوە ژیانی خۆیانیان ئالوودە نەکردووە و تۆزقاڵێکیش ئەم رۆحە لاواز نەبووە. لە بەر بەهێز بوونی رۆحی برایەتی  و پێکەوە ژیانی نێوان کورد و تورکە کە تا ئێستا ئەم دوو کۆمەڵگایە توانیویانە پێکەوە ژیانی خۆیانیان بەردەوام بکەن.
ئەرێ ئەگەر رۆحی برایەتی و پێکەوە ژیان لە نێوان ئەم دوو کۆمەڵگایەدا نەبووایا ئایا بە هۆی شەڕی 30 ساڵەوە کە زیاتر لە 30هەزار کەس لە هەر دوو لا گیانیان لە دەست داوە تورکیا پارچە نەدەبوو؟ بێگۆمان پارچە دەبوو و شەڕێکی یەکجار ماڵ وێرانکەریش لە نێوان تورک و کورددا رووی دەدا، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو زەرەرە مادیی و گیانی و مەعنەوییە، تا ئێستا نە کۆمەڵگەی کوردی و نە کۆمەڵگەی تورکی تەنانەت بۆ یەک رۆژیش بیریان لە جیابوونەوە لە یەکتر و ئازاردانی یەکتر نەکردووەتەوە.
دوای سی ساڵ شەڕ و پێکدادان و یەکتر کۆشتن، سوپاس بۆ خوا کە کۆمەڵگاکانمان نەکەتنە نێو رێگایەکی خراب و نالەبارەوە بەڵام لایەنە سیاسییەکان گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە چی دیکە ناتوانن بە شەر و زۆری چەک یەکتر لە ناو بەرن یا خۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، هەر بۆیە ماوەیەکە کە هەر دوو لا کەوتوونەتە سەر رێگای راست کە رێگای ئاشتەواییە و پێکەوە بەو پەڕی هێز و توانایی خۆیانەوە هەنگاو بەرەو ئاشتی و ئاشتەوایی دەنن.
سەرەڕای هاوار و نارەزاییەتییەکانی چین و پارتە رەگەز پەرەستەکانی تورکیا، لایەنی کوردی و دەسەڵاتی سیاسی تورکیا قۆڵی خۆیانیان هەڵداوە و دەیانەوێ یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی هەر دوو کۆمەڵگە کە راوەستاندنی رژاندنی خوێنە جێبەجێ بکەن.
هەر دوو لایەنی کوردی و تورکی حەڵقەی خۆیانیان لە دەور پرۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی توندتر کردووەتەوە و لە ئەنجامی توندتر کردنی ئەم حەڵقەیە بوو کە بەرپرسی گشتی ئەمنیەتی دیاربەکر قسەی وجدانی خۆی کرد و وتی" ئەگەر بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەرچیاکاندا دەمرن نەگرین مرۆڤ نین.
لە لایەکی دیکەوە هاوسەرۆکی بەدەپە بۆ بەرقەرار کردنی ئاشتی وتی" من دەستی دایک و باوکانی شەهیدان ماچ دەکەم با بۆ بەرقەرار کردنی ئاشتی چییان لە دەست دێت هاوکار بن. ئەمانە دوو پەیامی تەواوکەری یەکترن و کۆمەڵگە هەست بە گرنگی ئەم پەیامانە دەکات. زیاتر لەمەیش لە کۆنگرەی ناوچەی سێرتی بەدەپەدا ئەو دایکە کە سێ منداڵی لە سەر چیاکان گیانیان لە دەست دابوو لەگەڵ ئەو دایکەی کە منداڵەکەی لە شەمزینان گیانی لە دەست دابوو لە سەر یەک مێزدا دانیشتوون و داوای ئەوەیان کرد کە چی دیکە خوێن نەرژێت و براکان یەکتر نەکوژن.
تورکیای ئەمرۆ لە قۆناخێکدایە کە پێویستییەکی یەکجار گەورەی بە برایەتی و رۆحی پێکەوە ژیان هەیە. تورکیا و سیستەمی تورکیا ئەگەر دەیانەوێ هەبوونی خۆیانیان بەردەوام بکەن دەبێ هەوڵ و سەپاندن و بەهێزتر کردنی ئەم رۆحە لە سەرانسەری وڵاتدا بدەن. ئەم سەردەمە بۆ تورکیا سەردەمی دەربڕینی هاوخەمی بۆ یەکتر و بە باوەش کردنی یەکتر بۆ ئاشتی و ئاشتەواییە. زۆر کەس و لایەن هەن کە دەیانەوێ ئەم پرۆسە سەرنەگرێت و کورد و تورک وەکو رابردوو شاهێدی لە دەست دانی منداڵەکانی خۆیانیان بن. رەنگە لایەنی کوردی و دەسەڵاتی سیاسی تورکیا نەتوانن بە پێ پێویست وەڵامی ئەم جۆرە کەس و لایەنانە بدەنەوە بەڵام کۆمەڵگە زۆر بە باشی دەتوانێت وەڵامی هەوڵدانەکانی ئەم لایەنانە بداتەوە و بە بەهێزتر کردنی برایەتی نێوان کورد و تورک هەوڵ و پلانەکانیانی پووچەڵ بکاتەوە.
ئەرکی ئێمەی نووسەر، رۆژنامەنووس و چالاکیش ئەوەیە کە لەم قۆناخەدا هەوڵً بۆ ئەوە بدەین کە دانووستاندنەکانی ئاشتی کە لە دووڕگەیەکی دوور و بە دوور لە چاوی کۆمەڵگە ساز دەدرن، بە شێوەیەکی رێکوپێک بۆ کۆمەڵگە بگوازینەوە و ئەگەر پێمان بکرێت دەستی خۆمانیش بخەینە ژێر بەردێکەوە تا بتوانین یەکێک لە بەردەکانی سەر رێگای ئاشتی و برایەتی هەڵبگرین.
لە عەرەفەی هاتنی وەرزی بەهار داین، ئەو وەرزەی کە وەرزی تەواندنەوەی سەهۆڵەکان و دووبارە ژیاندنەوەی سرۆشتە، رۆژیش ئەو رۆژەیە کە ئەگەر من بکەوم پێویستیم بە تۆیە و ئەگەر تۆیش بکەوێت پێویستیت بە منە، رۆژ رۆژی برایەتی و پێکەوە ژیانە.

هەواڵی پەیوەندیدار