ئەمساڵ هەموو پڕۆژەکانی ئامێدی کۆتایییان دێت

ئامێدی-KDP.info- بڕیارە هەموو پڕۆژە پەسەندکراوەکانی سنووری قەزای ئامێدی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێن و قایمقامی ئامێدیش دەڵێت، پڕۆژەکان سوودی زۆریان دەبێت.
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی ئامێدی، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کاتی سەردانی ساڵی ڕابردووی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەڤەرێ ئامێدی و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی ئامێدی، لیستێکی پڕۆژەکانمان پێشکەشی سەرۆکی حکوومەت کرد، کە 146 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بوون، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی لەسەر هەموو پڕۆژەکان دەربڕی و بەشێکیان هەر ساڵی ڕابردوو خرانە واری جێبەجێکردنەوە."
قایقامی ئامێدی گوتی: "پڕۆژەکان بە گوژمەی 27 ملیار جێبەجێ دەکرێن و بەسەر هەرشەش ناحیە دابەش کراون و دوای تەواوبوونیان سوودی زۆری دەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە."
ئیسماعیل مستەفا جەختی کردەوە: "ئەو پڕۆژانەی ساڵی ڕابردوو نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە ئەمساڵ هەموویان دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەش قۆناغی باشی بڕیوە و بە گوژمەی 53 ملیار دینار کاری تێدا دەکرێت."
قائید میرۆ




