وەزیری پەروەردە: ئاڕاستەی حكوومەت ئەوەیە ٣٠ رۆژ جارێك مووچە بدات

سلێمانی-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئاڕاستەی حكوومەت ئەوەیە، ٣٠ رۆژ جارێك مووچە بدات، ئەگەر دۆخەكەش بەم جۆرە بێت، پێشنیاز دەكەن پێش یەكی ئادار پڕۆسەی خوێندن دەست پێبكاتەوە.
ئالان حەمە سەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆ مێدیاكان، رایگەیاند، كە ئەوان پشتگیری لە داواكاری مامۆستایان دەكەن و كاریان بۆ دەكەن، هەروەها هەوڵەكانیان ئەوەیە مووچە بە شێوەیەكی باش دابەش بكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان پەیوەندی بە نەبوونی مووچەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە كۆرۆنا و پاراستنی گیانی مامۆستایان و قوتابیانەوە هەیە.
وەزیری پەروەردە ئەوەیشی روون كردەوە، كە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمەوە ٣٦ قوتابخانە و باخچەی نوێ دروست كراون و ٢٧٨ قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.
وەزیری پەروەردە ئاشكراشی كرد، لە ئایندەیەكی نزیكدا ٥ قوتابخانەی دیكە تەواودەكرێن و دەكەونە خزمەتی پەروەردەوە.
گوتیشی پەرەپێدانی ژێرخانی كەرتی پەروەردە یەكێكە لە كارە لەپێشینەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم.
خێڵان بەختیار




