٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی بەردەڕەش: بە گوژمەی زیاتر لە ١٦ملیار دینار ١٠ پڕۆژە ئەنجام دەدرێن

سەرچاوە: KDP.info
 
بەردەڕەش-KDP.info- قایمقامی قەزای بەردەڕەش رایگەیاند، بە گوژمەی ١٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، لە سنووری قەزای بەردەڕەش رەزامەندی دراوە بۆ ئەوەی ١٠ پڕۆژە ئەنجام بدرێن، کە بەشێکیان پڕۆژەی ستراتیژین.
 
خەلیل مەحموود، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، گرنگیی زۆری ھەبوو و لەسەر داوای جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی ئێمەی کرد و باسیان لەوە کرد، کە ھەماھەنگی دەکەن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بێن سەردانی ئێمە بکەن و پێشتریش وەزیری پەروەردە سەردانی کردبووین، بۆیە بەڵێنیان دا ھەرچی کەموکوڕی ھەیە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی بکەن، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن".
 
مەحموود گوتیشی: "ئێمە ژمارەیەک پڕۆژەمان کە پێش ٢٠١٣ وەستابوون، خستە بەردەم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ھەندێک پڕۆژەی تازەش کە زۆر پێویستن، ئەوانیش رەزامەندییان لەسەر ١٠ پڕۆژە دا، کە دوای ھەماھەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، بە گوژمەی ١٦ملیار و ٥٠٠ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی بدات و دەست بەئەنجامدانی پڕۆژەکان بکرێت".
 
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەو پڕۆژانە بریتین لە نۆژەنکردنەوەی رێگای بەردەڕەش - کەلەک، هەروەها رێگەی قەرەناس بۆ بەنێنان و دارەتوو و بەشیریان و کەورەسۆر، کە ئەوانە ھەموو پێکەوە گرێ دەدات و گرنگیی زۆری ھەیە، لەگەڵ چەندین رێگای گوندەکان، کە ئەوانیش رەزامەندییان لەسەر دراوە.
 
دەشڵێ، دوای تەرخانکردنی پارە و رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەکرێت.
 
بڵند ئیبراھیم 
 
 
 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار