وەزیری ئاوەدانکردنەوە: لەمساڵدا ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە قەزای ئاکرێ بەئەنجام دەگەیەنین

ئاكرێ-KDP.info- وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیەنێت، ھەموو ھەوڵێک دەدەن لەمساڵدا ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ بۆ ھاووڵاتیان لە سنوری قەزای ئاکرێ بەئەنجام بگەیەنن.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و بریكاری وهزارهت، سەردانی قەزای ئاکرێیان کرد و لەلایەن قایمقام و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومییەوە كۆبوونهوهو دواتر بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی ئاکرێی بەسەرکردەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئامانجی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە روونکردەوەو رایگەیاند: ھاتنمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ قایمقام و لەنزیکەوە گوێگرتن بووە لە داواکاری و پێداویستییەکانی سنورەکە کە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی کارەکانی ئێمەدایە چۆن بتوانین خزمەتی قەزای ئاکرێ بکەین.
تیشکی خستەسەر ئەو پڕۆژانەش کە قایمقامی قەزای ئاکرێ پێشکەشی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کردووەو وتی:"داواکارییەکان چەندین پڕۆژەی لەخۆ گرتووە، کە پڕۆژەی گرنگ بوون، لەوانە دروستکردنی رێگای نوێ و نۆژەنکردنەوەی ھەندێ رێگای تر، کە نزیکەی 13 پڕۆژە دەبێت و کۆی تێچوی ئەو پڕۆژانەش کە گفتوگۆمان کردووە نزیکەی 16 بۆ 16.5ملیار دینار دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵێن بە خەڵکی خۆشەویستی ئاکرێ دەدەین کە نوێنەری ئەوان دەبین لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی ئەو بودجەیەو جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە لەمساڵدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ بۆ سنورەکە.




