٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەیەک: پێشمەرگە باڵانسی شەڕی کۆبانیی گۆڕی و گەورەترین سەرکەوتنی تۆمار کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  شەش ساڵ بەسەر ئازاکردنی شاری کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستاندا تێ دەپەڕێت و فەرماندەیەکی بەشدار لە شەڕەکانی کۆبانیدا دەڵێت، بەسەر چەندین ئاستەنگدا تێ پەڕین و پێشمەرگە توانی باڵانسی شەڕ لە کۆبانی بگۆڕێت.

لیوا عەبدولقەھار دۆسکی، فەرماندەی بەشدار لە شەڕی کۆبانیدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای فەرمانی سەرۆک بارزانی و دەرچوونی بڕیاری ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ شاری کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان، ھێزێکی پێشمەرگە لە ڕۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٤ بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان کەوتە ڕێ، سەرەڕای ئەو ھەموو ئاستەنگەی ھەبوو تا ئێمە بگەینە کۆبانی سەرەنجام توانیمان خۆمان بگەیەنینە شاری کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوکات چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر زۆربەی شارەکەدا گرتبوو، ھێزەکانی کوردیش ئەو ھێزەیان نەمابوو بەرەنگاری ھێزی دوژمن ببنەوە."

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "ھێشتا ھێزەکانی ئێمە لەنێو ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو کۆبانی دەچوون، برادەرانی یەپەگە پەیوەندییان پێوە کردین پەلە بکەین بۆ ئەوەی بگەینە جێگەی مەبەست، چونکە تەنیا ١٥%ی شاری کۆبانی بەدەست کوردەوە ماوە و مەترسیی کەوتنی نزیکە."

لیوا عەبدولقەھار دۆسکی ڕوونی کردەوە: "ھێزەکانی پێشمەرگە باڵانسی شەڕیان لە کۆبانی گۆڕی و دوای چەندین نەبەردی و تۆمارکردنی دەیان شەڕی یەکلاکەرەوە پێشمەرگە و یەپەگە توانییان شاری کۆبانی لە داعش پاک بکەنەوە و سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن، مێژوو شایەتی بۆ قارەمانێتیی پێشمەرگە دەدات لە کۆبانی، لەبەر ئەوەی توانی لە کەوتن ڕزگاری بکات و بەرەنگاری گەورەترین ھێرشی تیرۆریستان ببێتەوە، شانازییە بۆ ھێزی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی توانییان لەناو ئەو ھەموو مەترسییەی لەسەر ھەرێمی کوردستانیش ھەبوو، ئەوکات بڕیار بدەن ھاوکاری پارچەیەکی دیکەی کوردستانیش بکەن."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار