٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" ٣٥٠ خانوو ڕادەستی خانەوادەی شەھیدانی چەمچەماڵ کران"

سەرچاوە: KDP.info

چەمچەماڵ-KDP.info- لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی خانوو بۆ خانەوادەی شەھیدانی قەزای چەمچەماڵ دروست کراوە و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، تەنیا لە سنووری چەمچەماڵ ئەمڕۆ ٣٥٠ خانوو ڕادەستی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان کرا.

دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر سەرۆک بارزانی فەرمانی دەرکردبوو تا خانووی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدانی سنووری قەزای چەمچەماڵ دروست بکرێت، خانووەکانی تەواو کراون و کۆتایی بە دروستکردنیان ھاتووە، ئەمڕۆ دواقۆناغی خانووی شەھیدان ڕادەستی وارسی شەھیدانی نەمر لە سنووری چەمچەماڵ کرا."

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "ھەروەک سەرۆک بارزانی فەرمووی بە ھیچ شتێک ناتوانین قەرەبووی خوێنی شەھیدەکانمان بدەینەوە، بەڵام دروستکردنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون تەنیا دیارییەکی بچووکی سەرۆک بارزانییە بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان."

جێی ئاماژەیە پڕۆژەی ھاوشێوەی چەمچەماڵ لە سنووری سلێمانی و شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی خانەوەدەی شەھیدان.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار