"بەپێی پڕۆژەیاسایەك، ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە"

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای كچان و ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش دەدات، كە لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، بۆ سەرجەم كچان و ئافرەتانی رزگاربووی دەستی تیرۆریستان، گرنگە.
وەسفیە محەممەد شێخۆ، كە ئەندامی لیژنەی خێزان و ئافرەتان و منداڵانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سەعات (3)ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكەش، دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاسای كچان و ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، كە پرۆژەیاسایەكی گرنگە و یەكدەنگی و هاوسۆزیی كوتلە سیاسییەكانی لەسەر دروست بووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دەنگی لەبارەوە بدرێت".
ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی خێزان و ئافرەتان و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند: "ئەم پڕۆژەیاسایە، گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ كچان و ژنانی ئێزدی لە رووی ماددییەوە، چونكە مووچەیەكی مانگانەیان بەپێی یاسا بۆ دەبڕێتەوە، هەروەها پارچەزەوییەكیان پێ دەدرێت لەگەڵ قەرزێك كە بتوانن خانوو لەسەر زەوییەكە دروست بكەن، بۆ خوێندیش بێ مەرج وەردەگیرێن و بەردەوامی بە خوێندن دەدەن، لە هەمان كاتدا پڕۆژەیاساكە لەلایەنی مەعنەویش گرنگە بۆیان، چونكە لە رووی دەروونییەوە دەبێ چارەسەر بكرێن و سەنتەریان بۆ بكرێتەوە".
شێخۆ دەشڵێت: "وەكو لیژنە، تێبینیمان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەیە، بە تایبەت لەسەر ئەو منداڵانەی كە لەو ئافرەتە رزگاربووانە لە دایك بوونە، بەڵام نووسینگەی ئەنجومەنی روحانیی ئێزدییەكان، داوایان كرد ئەم بابەتەی تێدا نەبێت، بۆیە ماددەكە لە یاساكە لابراوە، هەر بۆیە لە داهاتوودا دەمانەوێت ئەم بابەتە چارە بكرێت".
ناوبراو گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیاسایە، كچان و ژنانی پێكهاتەكانی تریش دەگرێتەوە، بۆ نموونە پێكهاتەی مەسیحی یان شەبەك، ئەوانیش لە پڕۆژەیاساكە سوودمەند دەبن، لە دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكەش، لیژنەیەك لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی عێراق دروست دەكرێت، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەندامی لەو لیژنەیەدا دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و، ئەوانەی رزگار بوونە، لیژنەكە بەپێی بەڵگە ناویان تۆمار دەكات".
نەشوان بەرزنجی




