كەركووكییەكان: شارەكە بەسەربازگە كراوە.. خزمەتگوزارییەكان سفرن و بەعەرەبكردنیش بەردەوامە

كەركووك-KDP.info- كەركووك، ئەو شارەی بووەتە شاری سەرباز و خۆڵ و خاشاك، هاووڵاتیان و بەرپرسانی پارێزگاكە، باس لە گەندەڵیی بەرپرسانی سەپێندراو دەكەن، كە بە گوتەی خۆیان، شارەكەیان ئەمنییەتی زۆر خراپە و خزمەتگوزارییەكان سفر بوونەتەوە و بەعەرەبكردنیش بە چڕی بەردەوامە.
ڕەنجە نەوشیروان، چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی خزمەتگوزارییەكان لە كەركووك بە گشتی خراپە، بە تایبەت ناوچە كوردییەكان، ئێستا خۆڵ و خاشاك كەركووكی تەنیوە و سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووكیش بووەتە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، بەداخەوە كەركووك بووەتە زبڵدانێكی گەورە، لە كاتێكدا لە هەموو شارەكان دیمەنی سەنتەری شار دار و گوڵ و گوڵزارە، بەڵام شارەكەی ئێمە بە خۆڵ و خاشاك داپۆشراوە".
نەوشیروان زیاتر گوتی: "هاووڵاتیان لە گەڕەكە كوردییەكان بە هاوبەشی، سێ رۆژ جارێك پارە كۆدەكەنەوە و خاشاكەكەیان بۆ فڕێ دەدرێت، كە مانگانە هەر خێزانێك زیاتر لە 15 هەزار دینار بۆ فڕێدانی پاشماوەكانیان دەدەن، ئاو و كارەباش زۆر خراپن و ڕۆژانە تەنیا 4 كاتژمێر كارەبا لە كەركووك هەیە".
بە هۆی گەندەڵیی بێشوماری بەرپرسانی سەپێندراوی كەركووك، دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزارییەكان بۆ خوار ئاستی سفر دابەزیون، ئەوەش هاووڵاتیان و پێكهاتە و نەتەوەكانی كەركووكی نیگەران كردووە، بەڵام بە تایبەت بە بەرنامە، بەرپرسانی سەپێندراوی كەركووك، دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی ناوچە كوردییەكانیان تێكداوە و زەویی جووتیاران داگیر دەكەن.
پیرۆز ڕەحیم، دانیشتووی ڕەحیمئاوا، لای خۆیەوە دەڵێ: "كەس نییە لێمان بپرسێتەوە و دۆخمان زۆر خراپە، نە ئاو هەیە و نە كارەبا و نە شارەوانیش دێت و خۆڵ و خاشاكەكانمان بۆ فڕێ بدات، ترسمان هەیە نەخۆشی لەناوماندا بڵاو ببێتەوە، بەیانی تاكو ئێوارە منداڵان لە ناو پاشماوەی ماڵان یاری دەكەن، هەموو گەڕەك پڕ بووە لە خۆڵ و خاشاك، سەرباری ئەوەش ئەمنییەت لە شارەكەمان نییە و ئەم هەموو هێزە لە كەركووك هەیە، كەچی ناتوانن ئەمنیەتمان بۆ دابین بكەن و بەردەوام گوێبیستی ئەوەین داعش لە دەوروبەرمانە".
"بودجەی پارێزگای كەركووك، ساڵانە نزیكەی 400 ملیار دینارە، بەڵام بە هۆی گەندەڵی و نەبوونی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە، كەس نازانێت ئەو پارەیە چی لێدێت، بۆیە تاكو دێت دۆخی خزمەتگوزارییەكانی ئاو شارەوانی و كارەبا خراپتر دەبن". جوان زەنگەنە، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك وا دەڵێت.
زەنگەنە دەشڵێت: "نەبوونی چاودێریی دەسەڵاتی ئیدارەی شار و بڕیاردانی تاكلایەنە و خەرجكردنی بودجە، وای كردووە گەندەڵییەكان بگەنە لوتكە و شەقام و كۆڵانەكانیش پڕ بوون لە خۆڵ و خاشاك، لە كاتێكدا مانگانە بە دوو ڕێگا پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵكی وەردەگیردرێت".
لە لایەكی دیكەوە، محەمەد كەمال، سەرۆكی پێشووی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكومڕانانی ئێستای كەركووك بە ئەقڵییەتی ڕژێمی سەددام حوسێن كار دەكەن و، هەموو ڕێگایەكیان گرتووەتە بەر بۆ بەعەرەبكردنی كەركووك، تەنانەت كوژراوانی حەشدی شەعبی لە هەموو شارەكانی عێراق لە كەركووك زەوییان پێ دەدرێت و بۆیان دەكەن بە خانوو".
كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دەسەڵاتدارانی ئێستای كەركووك لە گەندەڵی ڕۆچوون و دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لەوپەڕی خراپیدایە، كەركووكیش بووەتە سەربازگە و شارێكی تەندراو لە خۆڵ و خاشاك، لە كاتێكدا پێش 16ـی ئۆكتۆبەر، ژیان ئاسایی بوو و خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵكی دابین دەكرا بە بێ جیاوازی".
داگیركردنی زەوی كشتوكاڵیی هاووڵاتیانی كورد، ڕۆژانە بووەتە هەواڵی ڕاگەیاندنەكان، لەو بارەیەوە، محەممەد ئەمین، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەند كۆبوونەوەیەكی لیژنەی چارەكردنی كێشەی زەویی جووتیاران بەڕێوە چووە و بڕیار دراوە داگیركردنی زەویی جووتیاران ڕابگیردرێت، هەروەها كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگاری سەپێندراو و پیاوماقوڵانی نەتەوەكانی كەركووك كردووە، تەواوی بەڵگەكانیش ڕادەستی دادگا دەكرێن".
گوتیشی: "دەبێت دەسەڵاتدارانی كەركووك پابەندی بڕیارەكانی لیژنەكە بن و ڕاستەوخۆ داگیركاریی زەویی كشتوكاڵیی هاوڵاتییانی كورد ڕابگیردرێت، هەر كەس كەمتەرخەم بێت، ڕووبەڕووی دادگای دەكەینەوە و دەبێ ماف بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی زەوییەكان بگەڕێتەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




