٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: داعش دووبارە خۆی رێكخستووەتەوە.. لە ھەموو عێراق جووڵەیان هەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش جارێكی دیكە لە عێراق خۆی نوێ كردووەتەوە و دووبارە خۆی رێكخستووەتەوە، ئێستاش نەك تەنھا لە ناوچە كوردستانییەكان، بەڵكو لە ھەموو عێراق سەریان ھەڵداوەتەوە و ئەگەر چارە نەكرێت، زۆر بەھێزتر دەبن.

بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تیرۆریستانی داعش لە ھەموو ناوچەكان جموجۆڵیان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و سەرلەنوێ خۆیان رێكخستووەتەوە، پێشتریش ناوچەكانیان داگیر دەكرد بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی دروست بكەن و شەڕی وڵاتانی بیانیی پێ بكەن كە دواتر سەری نەگرت، بۆیە ئێستا شەڕی پارتیزانی دەكەن كە چوار ساڵ دەبێت خۆیان دروست كردووەتەوە، جگە لەوەش پێشتر داعشەكان مەغریبی و چیچانی و توونسی و خەڵكی وڵاتانی دیكە بوون، بەڵام ئێستا ھەمووی عێراقین و بە رۆژ كاری خۆیان دەكەن و شەوانەش داعشن، پێشتر ھەوڵدەدرا بزانرێت كێ ئەوانە ھان دەدات خۆیان بتەقێننەوە لە وڵاتان، ئێستا عێراقییەكان خۆیان ئەو كارە دەكەن".

زێباری گوتیشی، ئێستا لە عێراق ئەوەی ستەمی لێ بكرێت، خۆی دەكات بە داعش، بۆیە گەر حكوومەتێكی راستگۆ نەبێت و دادپەروەری نەبێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، چونكە داعش تەنھا لە ناوچە كوردستانییەكان نییە، بەڵكو لە هەموو ناوچەكانی عێراقیش سەریان ھەڵداوە و لە ئەنبار لە سنووری ئوردن و سووریا بۆسەیان بۆ ھێزەكانی عێراق داناوە، چونكە ئەو ناوچانە چیای زۆرە، بۆیە زۆر زەحمەتە بتواندرێت لەو ناوچانە داعش لەناو ببرێت و لە چیای حەمرینیش بە ھەمان شێوە.

راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، داعش كە دەچنە ناوچەكانیش، خەڵكی ناوچەكان ھاوكارییان دەكەن و ئەوانیش زیاتر بەھێز دەبن، بۆیە چارەسەری زەحمەتە ئەگەر بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە نەكەن و چارەیەكی گونجاو نەدۆزنەوە، ئەوا داعش ھەر بەھێزتر دەبێت و زیاتر كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار