٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شیرین فوئاد مەعسووم: پێویستە سەرۆکایەتی ھەرێم بکرێتە چەتری کۆکەرەوەی ھەموو لایەک

سەرچاوە: KDP.info

بەریتانیا -KDP.info- د. شیرین فواد مەعسووم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە چاوپێكەوتنێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، باس لە پێویستیی یەكگوتاریی كورد بەرامبەر بەغدا دەكات و دەڵێت، هۆكاری بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی لایەنی عێراقی، پەیوەندیی بە نایەكگرتووییی ناوخۆییەوە هەیە، بۆیە پێویستە سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێتە چەتری كۆكەرەوەی هەموو لایەنە كوردستانییەكان.

كۆكردنەوەی ناوماڵی كورد لەم دۆخەدا تاكو چەند گرنگە؟

‌ -‌ یەكگرتووییی كورد هەموو كات گرنگە، پەرتەوازەییی ناوخۆ زیانمان لێ دەدات، حزبەكان هەریەكە و سیاسەتێكی خۆیان هەیە بۆ دەرەوە، كورد دەبێت سیاسەتێكی یەكگرتووی هەبێت بۆ دەرەوە، ئاساییە لە ناوخۆ سیاسەتی تایبەت بە خۆیان هەبێت، پەرتەوازەیی و فرەدەنگی بۆ دەرەوە وا دەكات، دنیای دەرەوەش پشتیوانیمان نەكەن، ئەگەر دەمانەوێت سەربەخۆ بین، دەبێت یەك سیاسەتی یەكگرتوومان هەبێت بەرامبەر دنیای دەرەوە".

تاكو چەند گرنگە هەموو لایەنەكان سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەك چەتری كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگ و نەتەوەكان تەماشا بكەن؟

- پێویستە هەموو حزبەكانی باشووری كوردستان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە، سەرۆكایەتیی هەرێم، بكرێتە چەتری كۆكەرەوەی هەموو لایەن و نەتەوەكان، ئەگەر دەیانەوێت كوردستان زیان نەكات، ئەوا دەبێت هەنگاوی یەكگوتاری بنێن و سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێتە كۆكەرەوەی هەموو لایەك. پێویستە بە بیر خۆمانیشی بێنینەوە، ساڵانی 2005 كاتێك یەكگرتووییی كورد هەبوو و كۆبوونەوەی بەردەوامی حزبەكان دەكرا، كورد بە هێزەوە لە بەغدا ئامادەییی هەبوو، چونكە بەرامبەر بەغدا یەك سیاسەتی كوردی هەبوو.

كوردستان و عێراق لە گفتوگۆدان، تا چەند پێویستە پشتیوانییەكی كوردی هەبێت؟

- شاندی حكوومەت لە بەغدا پێویستە حزبەكان ڕایان لەسەری هەبێت و پشتیوانیی بكەن لەبەر بارودۆخی كوردستان، كاتێك بابەتەكە پێوەندیی بە دانوستانی هەولێر و بەغداوە هەیە، دەبێت یەكگرتوویی هەبێت.

بڕیارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای سیاسی سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، ڕای ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟

- پێویستە لە كوردستان كۆبوونەوەیەكی باڵای حزبەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ڕێككەوتن بكەن لەسەر ئەوەی بابەتەكانی مافە دەستوورییەكانی كورد لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان باس بكرێت، چونكە ناكرێت سەرۆكی هەرێم بڕوات لەگەڵ حكوومەت و لایەنەكانی عێراق قسە بكات و پاشان حزبێك لەملاوە بێت بڵێ ڕەزامەند نین و پێوەندیی خۆی هەبێت لەگەڵ لایەنەكانی عێراق، ئەوە زیان لە كورد دەدات.

نایەكگرتووییی كورد لەم قۆناغەدا هۆكارە بۆ ئەوەی لایەنی عێراقی سەقفی داواكارییەكانیان بەرامبەر كوردستان بەرز بكەنەوە؟

-‌ بەڵێ، كاتێك ئێستە ئێمە سیاسەتێكی یەكگرتوومان نییە وەك كورد بەرامبەر بەغدا، سەقفی داواكارییەكانی لایەنی عێراقی بەرامبەر بە كورد بەرز كراوەتەوە، تا یەكگرتووییی كوردی دروست نەبێت، ئەوە داواكارییەكانیان بەرزتر دەكەنەوە، بۆیە بە جیاواز و هەر حزبە و بۆخۆی گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بكات، ئەوكات ئێمە لاواز بەرامبەر عێراق دەردەكەوین و لایەنی حوكمڕانی لە عێراق سوود لەو لێكترازان و پەرتەوازییە دەبینێت بۆ خۆی، دەزانن ئەو داواكاریانەی لە كوردستان داوای دەكەن بۆیان جێبەجێ ناكرێت، بەڵام دەیانەوێت كێشە بۆ كوردستان دروست بكەن.

گرنگیی بەردەوامیی هەنگاوەكانی چاكسازی لە كوردستان چۆن دەبینن؟

-  چاكسازی دەستی پێ كردووە، زۆر گرنگە و هەنگاوێكی باشە، پێویستە هەموو لایەك پشتیوانیی حكوومەت بكەن لە چاكسازی، ناكرێت پەلەش بكرێت، چونكە 29 ساڵ گەندەڵی هەبووە و بە دوو ڕۆژ چاك ناكرێتەوە، كاتی دەوێت، دەبێت هاووڵاتییانی كوردستان پشتیوانی چاكسازی بن، دەبوو بڕیاری چاكسازی زووتر بدرابووایە، بەڵام ئێستاش باشە و هیوادارین بەردەوامی بە چاكسازی بدرێت.

لە ئەمەریكا ئیدارەیەكی نوێ هاتووەتە سەركار بە سەرۆكایەتیی سەرۆك جۆ بایدن، پێتان وایە دەبێت كورد چۆن مامەڵە بكات؟ ئایا ئەمەریكییەكان دۆستی كورد دەبن؟

-  نابێت بڵێین ئەمەریكا دۆستی كوردە، گرنگە پێوەندیی دیپلۆماسی پێش بخرێت، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكایە، مەسەلەی كورد پێوەندیی تەنها بە كورد خۆیەوە هەیە و پێویستە كورد یەكماڵ بێت و یەك سەرۆكی هەبێت، هەروەها سیاسەتێكی ڕوونی هەبێت و كار بۆ بەرژەوەندیی میللەت بكات، ئەوكات بەڵێ پێش دەكەوین.

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار