٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''بایدن مەلەفی کورد دەکاتەوە ''

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- ''جۆ بایدن''، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە شوێنی دۆناڵد ترامپ پۆستی سەرۆکایەتیی وەڵاتەکەی وەرگرتەوە، هەموو جیهان چاوەڕێیی مەلەفە هەستیار و حەساسەکانە، پسپۆڕانیش پییان وایە، بایدن چاوخشاندنێک لە مەلەفی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەکاتەوە. ئێستاش جیهان هەموو چاوی لەسەر ئەمەریکایە ئاخو کە سیاسەتەکەیان چۆن چۆنی دەبێت بەرامبەر پرس و مەلەف و کێشەکانیان، چونکە سەرۆکی وەڵاتێکی گەورەی دنیایە، نفووزی بەهێزی لە دنیادا هەیە.

پرسی کورد، پرسێکی هەستیاری ناوچەکەیە، چەندین ساڵە ئەم مەلەفە لە تەواوی دنیادا هەر هەیە و لەم ساڵەنەی دواییشدا گەرموگوڕتر بووە، ''بایدن'' لەسەر پرسی کورد ئاگادرییەکی باشی هەیە و چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆیەشە، بە بڕوای کاتۆ سەعدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسەتی ئەمەریکا لە واشنتۆنەوە، بێگومان ئیدارەی بایدن پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد باش دەبێت، ئیدارەکە هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان کوردانی باشوور و ڕۆژئاوادا دروست بکات و ئەم مەلەفە دەکاتەوە.

ئەمەریکا بەردەوامە لە پڕچەککردنی هێزەکانی کورد ''(پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان)، لەوبارەیەوە کاتۆ سەعدووڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پشتیوانی بۆ هێزەکانی کورد لەسەر سەرۆک نامێنیت، چونکە ئەمانە پەیوەستن بە وەزارەتی بەرگرییەوە، هەرکات بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوە بوون پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی کورد باش بێت ئەوا هێزەکانی پێشمەرگە، بە هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە پڕچەک دەکرێن، بەڵام ئەمەریکا بەردەوام دەبێ لە پشتگیرکردنی کورد بە چەک و زانیارییەوە."

بە بڕوای پسپۆڕان ''بایدن'' لە مەلەفی کورد باش گەیشتووە و لە هەموو بوارەکاندا هەرێمی کوردستان بووژانەوە بە خۆیەوە دەبینێت، لەوبارەیەوە موجاهید سومەدیعی، پسپۆڕی هەواڵگری لە ناوەندی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوە هەواڵگێرییەکان دەڵێت: ''سەرکردەکانی کورد پەیوەندیی باشییان لەگەڵ جۆ بایدن هەیە، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشی پەیوەندییە سیاسییەکانە لەگەڵ وەڵاتێکی وەک ئەمەریکا و بایدن شارەزاییەکی تەواو لە جیۆساسیی ناوچەکەدا هەیە، دەبێ سەرکردە سیاسییەکان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و ئەمنییەکان بەهێزتر بکەن بۆ هەموو ئەگەرێکی سیاسی و جیۆساسی.''

"دەبێ هەرێمی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکای کورد لەسەر هێڵە گشتی و سەرەکییەکان ڕێک بکەون و بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بکەن، قەناعەتیان پێ بهێنن بۆ ئەوەی ئەمەریکا زیاتر خزمەت بە کوردستان بکات.'' سومەدیعی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وای گوت.

 

کــاروان بــاعەدری


 

هەواڵی پەیوەندیدار