كۆنفڕانسێك لەبارەی جینۆساید لە دھۆك بەڕێوە دەچێت

دهۆك-KDP.info- بڕیارە سەنتەری (بێشكچی) لە شاری دھۆك كۆنفڕانسێك لەبارەی جینۆساید ئەنجام بدات و بەڕێوەبەری سەنتەرەكەش دەڵێ، كۆنفڕانسەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و ھەشت پانێل لە خۆ دەگرێت لەبارەی جینۆساید لە كوردستان.
د. شوكری عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری سەنتەری بێشكچی لە زانكۆی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو لەمانگی نیسانی ساڵی رابردوو لە شاری دھۆك دووەم كۆنفڕانس لەبارەی جینۆساید ئەنجام بدرێت، بەڵام بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆنفڕانسەكە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچوو و دواخرا، چونكە كۆرۆنا كاریگەری لەسەر ھەموو چالاكییەكان ھەبوو لە جیھان".
بەڕێوەبەری سەنتەری بێشكچی لە زانكۆی دھۆك روونیشی كردەوە: "بڕیارە لە رۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو رۆژ كۆنفڕانسی جینۆساید لە شاری دھۆك بەڕێوە بچێت و ھەشت پانێل لەخۆ دەگرێت و كەسانی شارەزا و پسپۆر بەشداری لە كۆنفڕانسەكەدا دەكەن و تێیدا لەبارەی جینۆسایدەوە چەندین لێكۆڵینەوە و زانیاری دەخرێنە ڕوو".
قائید میرۆ




