٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەرکووکی: پێویستە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پێویستە خەڵکی کەرکووک ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن و ناویان نوێ بکەنەوە، چونکە ئەوە پرسێکی نیشتیمانییە و بۆ ئاوارەکانیش، کە لە ھەرێمی کوردستانن، چەندین بنکە کراونەتەوە و ئەوانیش دەتوانن ناویان تۆمار و نوێ بکەنەوە.

عەدنان کەرکووکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە خەڵکی ئێمە لە کەرکووک بڕواتە بنکەکانی دەنگدان و ناوی نوێ بکاتەوە یان تۆمار بکات و کارتی دەنگدانی ھەبێت، چونکە ئەوەی کارتی دەنگدانی نەبێت، ناتوانێ دەنگ بدات، ئەو پرسەش لە ناوچە کوردستانییەکان لە نێوان پێکھاتەکان زیاتر ململانێی نەتەوەییە و ئەگەر کورد نەچێت، دەنگی کەم دەکات، بۆیە پێویستە کوردان ھەر کێشەیەکیان لە دەنگدان ھەبێت، سەردانی بنکەکان بکەن".

کەرکووکی گوتیشی: "تا ئێستا سەردانیکردنی بنکەکان وەکو پێویست نەبووە و خەڵک زیاتر لە کۆتاییەکان دەچێت، ئومێدەوارین ئەمجارە زووتر بچن، چونکە ئێستا دۆخی تەندروستی باش نییە و کۆرۆنا ھەیە و چاکیش نییە لە کۆتاییدا قەرەباڵغی دروست بێت، بۆیە داواکارین خەڵک سەردانی بنکەکان بکەن".

ناوبراو زیاتر گوتی، ئاوارەکان کە خەڵکی کەرکووکن و نەگەڕاونەتەوە و لە ھەرێمی کوردستانن، بڕیار دراوە سندوقیان لە ھەرێمی کوردستان بۆ دابنرێت و ھەر یەکەیان دەنگ بۆ پارێزگاکەی خۆی بدات، بۆیە بنکەیان بۆ کراوەتەوە و دەتوانن بچن ناویان تۆمار بکەن و کارتی دەنگدان دەربێنن، چونکە ژمارەیان زۆرە و ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر کراوە و دەتوانن بەشداری لە پرۆسەی دەنگدن بکەن، بەڵام پێویستە کارتی دەنگدانیان ھەبێت، بۆیە پێویستە سەردانی بنکەکان بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار