٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ماوەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ درێژ دەکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار بکرێتەوە و سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکانیش دەڵێت، ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری درێژ دەکرێتەوە و نرخی تاپۆکردنیش کەم دەکرێتەوە.

لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری ١٢٠ ڕۆژ دیاری کراوە، بەڵام دوای پەسەندکردنی یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو بووەوە و حکوومەت لە توانای نەبوو یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات کە لەو ماوەیەدا ١٠ ھەزار داواکاری پێشکەش بە شارەوانییەکان کراون."

سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان دەشڵێت: "ئێستا خەریکی ھەموارکردنەوەی یاساکەین، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکانی کوردستان و بەشی یاساییی وەزارەت کۆ بووینەتەوە و تێبینیی خۆیان ناردووە، بڕیارە لە حەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بەڕێوە بچێت و تێیدا کار بۆ ھەموارکردنەوەی یاساکە دەکرێت."

لوقمان وەردی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چەند پێشنیارێک ئامادە کراون، لەوانە ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ تاپۆکردن درێژ بکرێتەوە بۆ ساڵێک و ھەندێک پێشنیاریش ھەن بۆ شەش مانگ درێژ بکرێتەوە، ھەروەھا دەستکاریی نرخی تاپۆکردنیش دەکەین بە شێوەیەک ڕەوشی ئابووریی ھاووڵاتییان بەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی لە ھەندێ ناوچەی دەرەوەی شارەکان وەک ناحیە سنوورییەکان."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار