یاریدهدهرى پارێزگاری مووسڵ: بەغدا بەنیازە ٢ھەزار خێزانی داعش ئازاد بكات

مووسڵ-KDP.info- یاریدهدهرى پارێزگاری مووسڵ رایگەیاند، حكوومەتی عێراق بەنیازە لە كۆتایی ئەم مانگەدا كەمپی كەسوكارەكانی داعش لە مووسڵ دابخات، ئەمەش مەترسیدارە و پێویستە حكوومەت ئەو كارە نەكات، چونكە كێشەی زۆری لێ دروست دەبێت.
رەفعەت سمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە كەمپی جەدعا دابخات، كە تایبەتە بە خێزانی داعشەكان و دوو ھەزار خێزان لەخۆ دەگرێت و بڕیارە رەوانەی ناوچەكانی خۆیان بكرێنەوە، ئەوەش مەترسیدارە، چونكە ئەوانەی پێشتر منداڵ بوون، ئێستا بوونەتە گەنج و رەنگە كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
سمۆ گوتیشی، ئەو كەسانە بڕیارە رەوانەی ئەو ناوچانە لە سنووری مووسڵ بكرێن، كە لێی بوون و ئازاد بكرێن، ئەوكات دۆخەكە زۆر ئاڵۆز دەبێت، چونكە ئێستا لە ژێر چاودێریی چڕی ئەمنیدان و ناكرێت ئەو خێزانانە ئازاد بكرێن، لەبەر ئەوەی داعش ھەمیشە مەترسییە و ئەوانەش ھێشتا فكرەی داعشیان ماوە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا كەمپەكە دابخەن و خێزانەكانیش رەوانەی ئەو شوێنانە بكەن، كە پێشتر لێی بوون، جگە لە مەترسیی ئەو خێزانانەش، ڕەنگە كێشەی كۆمەڵایەتیشی لێ دروست ببێت، چونكە داعش كەسوكاری زۆر خەڵكی مووسڵی كوشتووە و رەنگە ئەوانیش ئەمە قبووڵ نەكەن.
دەشڵێ، پێویستە حكوومەتی عێراق پەشیمان ببێتەوە و ئەوكارە نەكات، چونكە ئەنجامدانی ئەو كارە زۆر مەترسیدارە.
بڵند ئیبراھیم




