٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. دلۆڤان بۆ KDP: حكوومەتی ھەرێم ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەكڕێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر گوتی: "جگە لەوەی حكوومەتی عێراق ڤاكسینی كڕیوە و بڕیارە لە كۆتایی مانگی داھاتوودا بگات، ئێمەش خۆمان ئامادە كردووە و تیممان دروست كردووە بۆ ئەوەی كە پشكی ئێمە ھات، دەست بە بەكارھێنانی بكەین". دەشڵێ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە دانوستاندایە، بۆ ئەوەی ڤاكسینەكە بكڕن.

د. دلۆڤان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی عێراق ئەوانیش ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بكڕن، بەڵام تاوەكو ئێستا یەكلا نەبووەتەوە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ڤاكسین دەكڕێت، چونكە ئەوە پێویستی بە رێككەوتن ھەیە، بەڵام حكوومەتی ھەرێمیش ئامادەیی نیشان داوە كە ڤاكسین بكڕێت و چەندین كۆبوونەوەش كراوە و نوێنەری ھەموو پارێزگاكانیشی تێدایە، هەروەها وەزارەتی تەندروستی راسپێردراوە بەو كارە ھەڵسێت و ئەوان گفتوگۆكان بكەن".

ناوبراو گوتیشی، حكوومەتی عێراق گرێبەستی بۆ كڕینی ملیۆنێك و٦٠٠ھەزار ڤاكسین كردووە و رێكارەكان تەواویش بوونە و بڕیارە لە كۆتایی مانگی داھاتوودا، ڤاكسینەكە بگاتە عێراق بۆ ئەوەی بەكاری بھێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەكارییەك كراوە.

محەمەد باسی لەوەش كرد: "لەو ڤاكسینەی حكوومەتی عێراقیش كڕیویەتی، پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە و ئێمەش چەندین تیممان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی كە گەیشت دەست بە بەكارھێنانی بكەین".

دەشڵێ: "سەرەتا لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی و دواتر ھێزی ئەمنی و پاشان كەسانی بەتەمەن و نەخۆشی درێژخایەن دەست پێدەكەین، ئینجا خەڵكی ئاسایی".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار