"ئەم ھەفتەیە دەست بە گفتوگۆكردن لەبارەی پشكی ھەرێم لە بودجەدا دەكرێت"

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی عێراق بگاتە ئەو ماددانەی كە باس لە پشكی ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوانیش ماددەكانی ١٠ و ١١ن و "ھەموو ھەوڵێكیش دەدەین، كە پشكی ھەرێمی كوردستان پارێزراو بێت".
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەم ھەفتەیەوە دەست بە گفتوگۆكردن لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دەكرێت و زۆر باشیش خۆمان ئامادە كردووە وەكو فراكسیۆنە كوردییەكان و، ھەموو ھەوڵێك دەدەین كە پشكی ھەرێم و مافەكانی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا پارێزراو بێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ھەندێك گفتوگۆی سەرەتایی دەستیان پێكردووە، بەڵام گفتوگۆی جیددی بۆ دوایی پاش خراوە، بۆیە ئەم ھەفتەیە گفتوگۆی جیددی دەكرێت و لیژنەی دارایی و لایەنەكانیش پشتگیری لە مافەكانی كورد دەكەن".
سەبری باسی لەوەش كرد، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دوو ماددە باس لە مافەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوانیش ماددەكانی١٠و١١ن و ھەوڵ دەدەین ئەو ماددانە دەستكارییان نەكرێت و وەكو خۆی تێپەڕ بێت و پارێزراو بن.
لە لایەكی دیكەشەوە و بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ شاندێكی دارایی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر شایسته داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا، سەردانی بەغدا دەكەن.
لەو بارەیەوە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی دارایی 2021، ئەمڕۆ شەممە دەستنیشان كراوە كە میوانداریی شاندێكی دارایی هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێكی تەوافوقی.
بڵند ئیبراھیم




