لە ڕێگەی غازی بێکەلک و خۆر ٢٣٥ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە ئەمساڵ چوار پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین کە لە ڕێگەی غازی بێکەلک و خۆرەوە ٢٣٥ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ناوچەی گەرمیان خەریکی بەرھەمھێنانی کارەبان لەو غازەی بەفیڕۆ دەچێت بە دوو قۆناغ کە ١٦٥ مێگاوات کارەبایە و لە وەرزی بەھار نزیکەی ٥٠ مێگاوات ئامادە دەبێت و قۆناغی دووەمیش دەگاتە وەرزی ھاوین، ئەمەش لەپێناوی ئەوەی غاز بەفیڕۆ نەچێت کە بێسوود دەڕوات."
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "نامانەوێت ئەو غازە بەفیڕۆ بچێت بێ ئەوەی ھیچ سوودێکی لێ وەرگیرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش، سێ پڕۆژەی دیکەی کارەبا ھەن کە لە ڕێگەی خۆرەوە ٧٥ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و ئێستا ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت وخەریکی تەندەری پڕۆژەکانین."
بڵند ئیبراھیم




