مەخموور.. لە ترسی داعش زیاتر لە ٥٠ گوند چۆڵ كراون

مەخموور-KDP.info- فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور رایگەیاند، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری مەخموور زۆر زیادی كردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كوردانی ناوچەكە ھەبووە و تاوەكو ئێستاش زیاتر لە ٥٠ گوند چۆڵ كراون.
فەرماندە یادگار ئەحمەد، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جموجۆڵی داعش رۆژ بە رۆژ لە سنووری قەزای مەخموور لە زیادبووندایە و ئێستا بە ئاسایی ھاتوچۆ لە گوندەكانی سنوورەكان دەكەن و كوردیش ھەمووی گوندەكانی چۆڵ كردووە وتەنھا تاك تاك ماڵ ماون، كە ئەوانیش خاوەن مەڕوماڵاتن، ئەگەر نا ئەوانەی دیكە ھەمووی ئاوارە بوونە و ترسیان لە داعش ھەیە و تەنھا لە سنووری باقرت، نزیكەی ١٠گوند چۆڵ كراون".
ئەو فەرماندەیە گوتیشی: "ئەو داعشانەی كە ئێستا لە ناوچەكە ھەن، ھەموویان گرووپ گرووپن و خەڵكی ناوچەكە و عەرەبی سنوورەكەن و زیاتریش تەعەدا لە كورد دەكەن، بۆیە كوردەكانیش گوندەكانی سنوورەكەیان چۆڵ كردووە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، چۆڵكردنی گوندەكانی سنووری مەخموور زیادی كردووە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٥٠ گوندی سنووری مەخموور، كە ھەمووی كوردن، چۆڵ كراون.
بڵند ئیبراھیم




