٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەرمیان.. فێستیڤاڵی نمایش و ناساندنی بەرهەم و داهێنانەكان بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان-KDP.info- لە ژێر چاودێریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمین فێستیڤاڵی گەرمیان بۆ نمایش و ناساندنی بەرهەم و داهێنانی خاوەن بڕاند و كۆمپانیا و كارگەكان بەڕێوە دەچێت، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكەش دەڵێت، تەنها مەرجیان بۆ بەشداریكردنی كۆمپانیاكان ئەوەیە، گرانفرۆشی نەكەن، بەشێك لە كۆمپانیاكانیش ئامادەییان دەربڕیوە بێبەرامبەر كاڵا بدەنە هاووڵاتیان.

عومەر نەجم، سەرپەرشتیار و رێكخەری فێستیڤاڵەكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە رۆژی 21ـی كانوونی دووەمی 2021، فێستیڤاڵی بازاڕ لە كەلار بەڕێوە دەچێت و 4 رۆژ دەخایەنێت، لەو فێستیڤاڵەدا خاوەنكار و بڕاند و كارگە و كۆمپانیاكانی كوردستان بەشدار دەبن، بە شێوەیەك 75%ی كاڵاكان بەرهەمی ناوخۆیین، ئەوی دیكەشی بۆ براند و بەرهەمە بیانییەكان تەرخان دەكرێت، فێستیڤاڵەكەش بە چالاكیی بازاڕسازی و رۆشنبیری و  كۆمەڵایەتی و كولتووری گەرمیان دەڕازێنرێتەوە، هەروەها بەشداربووانیش لەلایەن كەسی یەكەمی خاوەنكارەوە پێشوازییان لێ دەكرێت بۆ ناساندنی بەرهەم و كاڵاكان".

نەجم گوتیشی: "فێستیڤاڵەكە (۱۳) جۆر پێشانگای جیاواز لەخۆ دەگرێت، (بەرهەمی بڕاند، كارگە و كۆمپانیاكان، جلوبەرگ، بۆن و ئیكسسوارات، هەنگەوانی، بەرهەمی خۆماڵی، خواردنە كوردەوارییەكان، پێشانگای كتێب، نمایشی داهێنانی كوردستان، نمایشی زانكۆ و پەیمانگا و قوتابخانەكان، پێشەنگای گوڵ و مەشتەل، كاری دەستی، فێستیڤاڵەكەش بازاڕێكی گەورەیە بۆ كۆمپانیاكان، تا بتوانن بەرهەم و كاڵاكانیان نمایش بكەن و براندە تازەكانیان بە كڕیاران بناسێنن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "چەندین خاوەنكار لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدار دەبن و چەندین بەرهەمی ناوخۆیی تایبەت نمایش دەكرێن، چاوەڕێش دەكرێت خەڵكێكی زۆر لە شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری گەرمیانەوە بەشداری لە فێستیڤاڵەكەدا بكەن، تاكە مەرجیشمان بۆ خاوەنكار و كارگەكان ئەوەیە، كە كاڵا و بەرهەمەكانیان گرانفرۆش نەكەن و بە نرخی خۆی بیفرۆشن و مەرجیشمان بۆ بەشداربووان و سەردانیكەران ئەوەیە، كە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن، بەدەر لەمانەش، هەر لە فێستیڤاڵەكەدا چەندین سیمیناری گرنگ  لەلایەن ماموستایانی زانكۆوە پێش كەش دەكرێن".

سەرپەرشتیار و رێكخەری فێستیڤاڵەكە دەشڵێت: "ئامانج لە سازدانی فێستیڤاڵەكە، دروستكردنی جوڵەی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی كارە بۆ گەنجان و بێكارانی سنوورەكە، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە هۆی بووژانەوەی بازاڕی گەرمیان، چونكە چاوەڕێ دەكرێت خەڵكانێكی زۆر لە دەرەوە لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدار بن".


ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار