نووری حەمەعەلی: عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی سەربازی دەدزێتەوە

كەركووك-KDP.info- لە چەند رۆژی رابردوودا، جووڵەی تیرۆریستانی داعش لە چەندین ناوچە زیادی كردووە، بەرپرسێكی پێشمەرگەش ئاشكرای كرد، عێراق خۆی لە رێككەوتنی پێشوو بۆ پێكھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، دەدزێتەوە.
نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری باكوور و رۆژئاوای كەركووكی ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و خانەقین وەك خۆیان ماون و رۆژانی رابردوو جووڵەیان زیادی كردووە، ھۆكارەكانیش زۆرن، بەڵام بێدەنگیی ھێزە عێراقییەكان بەرامبەر بە كردەوەكانی داعش، جێگەی گومانە، چونكە زۆر جار بە رۆژ چەكدارانی داعش بە ئاشكرا و بە بەرچاوی ھێزەكانی عێراقەوە ھاتوچۆ دەكەن و ئەو ھێزانە بێدەنگن، ئەمەش لە ترسی ئەوەی بە شەو داعش نەیەتە سەریان".
بەرپرسەكەی پێشمەرگە گوتی: "تا ئەو كاتەی ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەكە، داعش ھەر وەك خۆی دەمێنێ، چونكە ئەو ھۆكارانەی بوونەتە پاڵپشت بۆ مانەوەی داعش، ماون، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگە، رەوشی ناوچە كوردستانییەكان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت".
لەبارەی پێكھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، نووری حەمەعەلی روونی كردەوە: "وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەدزێتەوە و نایەوێ ھیچ ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ كۆتاییھاتن بە داعش دروست بكرێت".
قائید میرۆ




