"ھیچ بنكەیەی تۆماری دەنگدەران لە كەمپی ئاوارەكانی شنگال نەكراوەتەوە"

شنگال-KDP.info- بەرپرسی ھەڵبژاردنی لقی ١٧ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال رایگەیاند، تا ئێستا بەغدا بنكەی تۆماركردنی ناوی دەنگدەرانی لە كەمپەكانی شنگال نەكردووەتەوە و دەشڵێ: "ئێمە داوامان كردووە بكرێنەوە و ئەمجارەش رێگە نادەین لە دەنگدان بێبەش بن".
سەیدۆ چەتۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تاوەكو ئێستا بەغدا بنكەی تۆماركردنی ناوی دەنگدەرانی لە كەمپەكانی شنگال نەكردووەتەوە كە ١٤كەمپن و ٨٠%ی خەڵكی شنگالیش ئاوارەن، بۆیە داوامان لە بەغدا كردووە بنكە بكەنەوە و چاوەڕێ دەكەین بیانكەنەوە، بۆ ئەوەی خەڵك ناوی تۆمار بكات و بتوانن دەنگ بدەن".
چەتۆ روونیشی كردەوە: "لە ھەڵبژاردنی ڕابردووشدا بە ھۆی نەبوونی بنكەی دەنگدان و تۆمارنەكردنی ناوەكانیان، ١٣ هەزار كەس بێبەش بوون لە دەنگدان، ئێستاش تەنیا ١٢بنكەیان كردووەتەوە لە قەحتانیە و قەیروان و شنگال، بەڵام لەوێ خەڵك كەمە، بۆیە داوامان كردووە تیمی گەڕۆك دروست بكرێت و بێن لەناو كەمپان ناوی خەڵك تۆمار بكەن و كارتیان پێ بدەن، بۆیە بڕیارە تیمی گەڕۆك دروست بكرێن و بێن ناوی ئاوارەكان تۆمار بكەن، چونكە ئێستا ئەو تیمانەی دروست كراون، كەمن".
بڵند ئیبراھیم




