"لە ھەولێر 56% و لە دهۆكیش 63%ی هاووڵاتیان ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا تۆمار كردووە"

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی: "جگە لە كەمیی كارمەند، ھیچ گرفتێكمان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان نییە و تا ئێستاش 56%ی خەڵكی ھەولێر ناوی خۆیان تۆمار كردووە". بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكیش دەڵێ، لە پارێزگای دهۆك رێژەی 63%ی خەڵكی ناوی خۆیان بۆ نوێكردنەوەی بایۆمەتری تۆمار كردووە و رۆژانەش بەردەوامە.
عەبدولڕەزاق مشیر، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردن ھیچ كێشەیەكمان نییە و تەنھا كێشەی كەمیی كارمەندمان ھەیە، كە ئەگەر كارمەندی تەواومان لە بەردەست بووایە، تۆماری دەنگدەرانمان تەواو دەكرد و كارەكانی دیكەش لە وادەی خۆیدا تەواو دەبوون".
مشیر گوتیشی: "ئەوانەی كە سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردووە و ناوی خۆیان تۆمار كردووە لە سنووری ھەولێر، رێژەكە گەیشتۆتە 56% لە ملیۆنێك و 228ھەزار دەنگدەر و، بەردەوامیش رۆژانە ھەزار بۆ ھەزار و٥٠٠ كەس سەردانمان دەكەن".
دەشڵێ: "پێوستمان بە 274 كارمەند بۆ بنكەكان ھەیە و 50 كارمەندیش بۆ ناو ئۆفیس، بۆیە تەنھا ئەو گرفتەمان ھەیە وئەگەر دواشبخرێت، دەتواین باشتر خۆمان ئامادە بكەین".
لە لایەیكی دیكەوە، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، رێژەی 63 لە سەدی خەڵكی پارێزگای دهۆك ناوی خۆیان بۆ نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تۆماركردووە و رۆژانەش بەردەوامە.
خالد عەباس عومەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: " سەرجەم بنكەكانی سنووری پارێزگای دهۆك 41 بنكەن، كە رێژەكە 63 لەسەدە بۆ ئەوانەی خۆیان تۆمار كردووە، هەروەها پرۆسەی دابەشكردنی كارتی بایۆمەترییش بەردەوامە بۆ ئەو دەنگدەرانەی خۆیان تۆمار كردووە، بەڵام كارتی دەنگدانی نوێی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە".
ناوبراو دەشڵێ: "لە رێژەی 63 لەسەدی ئەوانەی خۆیان تۆمار كردووە، 88 لەسەدی كارتی دەنگدانی خۆیان وەرگرتووەتەوە و، لە ئێستادا لە قۆناغی نوێكردنەوەی بایۆمەترین، كە لە 2ی 1 دەستی پێ كردووە تا 2 ی 2-2021، لەم ماوەیەشدا سەرەڕای تۆماری بایۆمەتری، پرۆسەی گواستنەوەی دەنگدەر و زیادكردن و تۆماركردنی بایۆمەتری بەردەوامە ئەو كەسانەی مێژووی لەدایكبوونیان ساڵی 2001 و 2002 و 2003یە".
خالد عەباس روونیشی كردەوە: "بۆ ئاسانكاریی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆك، 30 تیمی گەڕۆكیشمان پێكهێناوە و 18 تیم بۆ دەنگدەرانی گشتی و، 12 تیمیش بۆ دەنگدەری ئاوارە، كە رۆژانە سەردانی دامودەزگاكانی حكوومی و ئامادەیی و كۆلێژەكانی پارێزگای دهۆك دەكەن".
ناوبراو زیاتر گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە ئامادەكارییەكان، بەڵام بۆ كۆمسیۆن باشترە هەڵبژاردن دوابخرێت، چونكە ئەو رێژەیەی كە ماون، 37 لەسەدی ناوی خۆیان تۆمار نەكردووە لە پارێزگای دهۆك، كە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی زیاتر خەڵكی ناوی خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار بكەن و ئەوانەشی كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، وەریدەگرنەوە، هەرچەندە پاشخستنی پرۆسەكە گرێ دراوە بە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە بەغدا."
حكوومەتی عێراق رۆژی 6-6-2021ی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیار كردووە، بەڵام تاكو ئێستا بە فەرمی دیار نییە كە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا ئەنجام دەدرێت یاخود وادەیەكی تری بۆ دیاری دەكرێت، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراقیش، پێشنیازی كردووە كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دوابخرێت.
بڵند ئیبراھیم - نەشوان بەرزنجی




