٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاڵەبانی بۆ KDP: كارتی دەنگدانی زۆرێك لە كوردانی ناوچە كوردستانییەكان نەگەڕاوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان كارتی دەنگدانیان لە بەغدا نەگەڕاوەتەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێ، بەغدا بەئەنقەست ئەو كارە دەكات، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی كورد لە دەنگدان بێبەش بن و دەنگی عەرەب زیاتر بێت.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، كێشە بۆ ھاووڵاتیانی كورد دروست بووە بە ھۆی نەگەڕانەوەی كارتی دەنگدانیان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، كە بێگومان بەئەنقەست كێشە دروست دەكرێت، بۆ ئەوەی كورد نەتوانێ لەو ناوچانە دەنگ بدات و ببنە كەمینە و عەرەب زۆرینە بێت، بۆیە كارتەكانیان ناگەڕێتەوە و تاوەكو ئەو دۆخەی ئێستاش لەو ناوچانە ھەیە، ئاسایی نەكرێتەوە، كێشەی زیاتر بۆ كورد دروست دەكرێت.

تاڵەبانی گوتیشی، بەغدا ئەمە جاری یەكەمی نییە ئەوە بەرامبەر بە كورد دەكات، پێشتریش ھەمان كار دەكرا بۆ ئەوەی دەنگی كورد كەم بكات، بۆیە ھەر كارێك لە بەرژەوەندی كورد بووایە، دوایدەخست و بۆ عەرەب و نەتەوەكانی دیكەش بە زوویی كارەكانیان رادەپەڕێنن.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕوونیشی كردەوە، ژمارەیەكی زۆری كورد كارتی دەنگدانیان نەگەڕاوەتەوە، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بێبەش دەبن لە بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردن، لەبەر ئەوە، پێوستە نوێنەرانی كورد لە بەغدا ئەو گرفتە چارەسەر بكەن، چونكە ئەوان دەتوانن كێشەكە چارە بكەن و كاری ئەوانە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار