٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆستێكی نزیكی كورد بە سەرۆكی حیزبی CDUی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا

سەرچاوە: KDP.info

ئەڵمانیا-KDP.info- لە 33ـیەمین كونگرەی پارتی كریستیانی دیموكراتی یەكگرتووی ئەڵمانیادا، كە بە رێگای ئۆنڵاین بەڕێوە چوو، ئێوارەی دوێنێ شەممە (ئارمین لاشێت)ـی تەمەن 59 ساڵ، بە 521 دەنگ وەكو سەرۆكی نوێی CDU هەڵبژێردرا. ئارمانج عەگید نێروەیی، كە كوردە و ئەندامی ئەو حیزبەیە، دەڵێت، ئارمین لاشێت، دۆستی نزیكی كوردە و هەروەها ئاشنایەتیی باشی لەگەڵ كوردان و جڤاك و ڕەو‌ەندی كوردیش هەیە.

ئارمانج عەگید نێروەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ماوەی دوو رۆژ بە شێوەی ئۆنڵاین 33ـیەمین كۆنگرەی حیزبی باڵادەستی ئەڵمانیا (سی دی یو) بە بەشداریی 1001 ئەندام بەڕێوەچوو، لە كۆنگرەكەدا كە ئێوارەی دوێنێ كۆتایی هات، (ئارمین لاشێت)، بە زۆرینەی دەنگ بووە سەرۆكی CDU و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش لە مانگی 9 كاندیدە بۆ سەرۆكی ئەڵمانیا".

نێروەیی زیاتر گوتی: "دەرچوونی (ئارمین لاشێت) بۆ كوردان گرنگ بوو، چونكە دۆستی نزیكی كوردە، هەروەها ئاشنایەتیی باشی لەگەڵ كوردان و جڤاك و ڕەوە‌ندی كوردیش هەیە، لە هەمان كاتیشدا پەیوەندیی باشی لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا هەیە،‌ چونكە پێشتر سیاسی و سەرۆكی گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیا و وەزیر و پەرلەمانتار بووە".

ناوبراو گوتیشی: "لە ماوەی ڕابردوودا ئارمین لاشێت كە ئەندامی پەرلەمانی دۆسلدۆرف و سەرۆكی ئەو هەرێمە بوو، سەردانی زۆرێك لە كۆمەڵە و گروپە چالاكوانەكانی كوردی كردووە، ڕەوەندی كوردیش وایان لێ كردووە كە كوردی خۆش بووێـت".

شایانی باسە، لە كۆنگرەی ئەمجارەی حیزبی پارتی كریستیانی دیموكراتی یەكگرتووی ئەڵمانیا، 1001 ئەندام دەنگیان دا، هەر لەم كۆنگرەیەدا بە داوەتێكی فەرمی شاندێكی 10 كەسی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە سەرۆكایەتیی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، بەشداری لە كۆنگرەی ٣٣ـیەمینی پارتی (سی. دی . یو) فەرمانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵدا كرد.

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار