تەمەنی کورتی ئازادی

غازی حەسەن
کاتێک دیقەت لە رووداوە دراماتییەکانی نێو شۆڕشی بەهاری عەرەبی و دەرەنجامەکانی لە میسر و تونس دەدرێت، دەردەکەوێت کە بەهای ئەو قوربانیانەی لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی پێشکەش دەکرێن، کاروانی داکۆکی لە ئازادی و رووبەروبوونەوەی دیکاتاتۆرەکان هەرچەندە گەورە و درێژخایەنیش بێت، گەلێکجاران بەهۆی غیابی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و رۆشنبیری و هەتا سەرکردایەتی کردنی ئازادی سایسی و کۆمەڵایەتی شۆڕشەکان لە ماوەیەکی کورتدا بەرەو ئاراستەیەک دەبردرێن، کە کوتومت سێبەری دیکتاتۆریەت و فاشیەتن.
رووداوەکانی میسر و تونس بین تەنگی گروپی ئسیلامگەرای سیاسی دەردەخات، کە تاکو ئێستا نەیانتوانیوە پێچەوانەی رژێمە دیکتاتۆر و خۆسەپێنە تاکدەسەڵات و خود پەرستەکان هەنگاو بنێن و خۆیان لەم شێوازە دەرباز بکەن، کە چەندین دەیە حووکمی رۆژهەڵاتیانەی پێ بەرێوەچێت.. ئەوەتا لە میسر ئیسلامییەکانی سەر بە ئیخوان و سەلەفییەکان لە رۆژانی یەکەمی ئازادی بەهاری خەڵکی تینوی ئازادی، کاریان تەنێ ئەوبووە خۆیان وەکو نوێنەری تاک و رەوای حکوومەت و دەسەڵات نیشان بدەن، تا گەیشتە ئەوەی کە موحەمەد میسری بە فیرعەونێکی نوێی میسر بچووێنن و تەنیا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بێ هیوایی سەیری رەوشی میسر و قەیرانە سیاسی و کێشە هەڵایساوەکانی لە رووی سیاسی و ئابوری دەکەن.
لە تونس توندڕەوە ئسیلامییەکان نەیان توانی خۆیان لە بەر رەخنەکانی شوکری بلعیدی چەپرەوەی رەخنەگری عیلمانی بگرن و تیرۆریان کرد.. دونیا ئەمە بە ئاماژەیەکی ترسناکی پاشەگەزبوونەوە لە ئازادی دادەنێن و پێیان وایە تیرۆری بلعید گەڕانەوەی تۆقاندن و بڵاوکردنەوەی ترسە، چونکە ئەم کەسایەتییە دیارەی تونس نوێنەرایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە دەسەڵاتی ئیسلامییەکانی بە رێبەرایەتی رەشید غەنوش دەکرد. رۆبەرت فێسکی رۆژنامەنووسی نێوداری بەریتانی لە رۆژنامەی ئەندپێندنت دەنووسێت ( بلعید یەکێکە لە شەهیدە دیارەکانی شۆڕشی یاسەمینی تونس، دوای ئەوەی لەبەر دەرگای ماڵەکەی تەقەی لێکراو و کوژرا، بێ ئەوەی ئاشکرا بێت بکوژەکەی کێیە. بلعید هەڕەشەی زۆری لێکراوە، هەندێک چەتەی نەناسراو هەفەتەی رابردوو هێرشیان کردۆتە سەر ئەو کۆبوونەوەی کە ئەو تێیدا بەشدار بوو. هەمیشە بزاڤی نەهزەی ئیسلامی کە راشد غەنوش رابەرایەتی دەکات بە هاندانی توندوتیژی تاوانبار دەکرد. ئەو خەڵکە زۆرەی لە کاتی کوشتنی بلعید رژانە سەر شەقامەکان داوایەکیان هەبوو، کە داواکەش سەرمەشقی هەموو شۆڕشەکان بوو ئەویش دروشمی " گەل روخانی رژێمی دەوێت". بەڵام ئەمجارە داواکە دژی غەنوشی و هاورێکانی بوو، نەک زەین بن عابدینی دیکتاتۆر، کە پێش دوو ساڵ وڵاتەکەی جێهێشت و رایکردە دەرەوە).
ئەمە نیگەرانییەکی زۆری لای خەڵک و نێوەندە سیاسییەکان دروست کردووە، جارێکی دیکە توندوتیژی شوێنی دیالۆگ و دیموکراسی لە میسر و تونس بگرێتەوە.
با دروست و راشکاوانە بێژین، پێناچێت تەمەنی ئازادی لەم وڵاتانە لەبەر خۆسەپێنی و کارکردن بۆ کۆنترۆلی سەرجەم جومگە گرینگەکانی دەوڵەت لەلایەن تەنیا گروپ و لایەنێکەوە درێژبێت، وەکو مانگی چورادە بە ئاسمانەوە دیارە ئەم لایەنە هەر بەتەنیا بیرکردنەوەی سیاسی خەڵک وەکو لایەنە عیمانییەکان کۆنترۆل ناکات، بەڵکە دەیەوێت سەرچاوەی ئیمان و بڕوابوون بە خواپەرستی و دینداری خەڵکیش کۆنترۆل بکات. لەسەردەمی حوسنی موبارەک و زەین بن عابدین، پۆلیس سەرکوتی خەڵكی دەکرد و ئازادییەکان کۆنترۆل دەکران و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوری دەوڵەت لە لایەن خودی سەرۆک و گروپەکانییەوە دەستی بەسەردا دەگیرا، بەڵام ترسی هەرە سەرەکی لە شۆڕشی (برسی و کۆیلەکراوەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی) ئەوەیە کە ئەمجارە لەلایەن گروپێک بەرێوەدەچێت کە هەم تەمەنی دەسەڵاتیان لە ساڵ و مانگی شۆڕشی خەڵک کورترە وهەم دەسەلاتی دەوڵەت و ئیسلامگەرایی (خودایی) بەخۆیان بدەن و لەهەموو بوارێکدا کۆنترۆلی کۆمەڵگە و تاک بکات.
بۆیە ئاساییە لە ئەنجامی وریابوونەوەی تاک لەسەردەمی جیهانگەرایی و لە سایەی دەسەڵاتی ئەنتەرنێت و فەیس بووک، خەڵک بەردەوام بن لە دروشمی (خەڵک دەیەوێت رژێم بگۆڕێت). جا گرینگ نییە ئەو رژێمە سەدام حوسێنە یاخود مالکی، موبارەکە یاخود مورسی، یانژی زەین بن عابدینە یاخود غەنوشی.. خەڵک بە ئازادی دەسەڵات رازی نابن، خەڵک ئازادی کۆمەڵایەتی و ئازادی لە بەشداریکردن لە بڕیار و کۆمەڵگەی کراوەی دەوێت، نەک کۆیلەبوون لە ژێر دروشمی تۆ ئازادی تاکو دەتوانی خزمەتی ئایدۆلۆژیا و بەرنامە سیاسییەکانی من بکەی.. ئاساییە لە سایەی ئەمجۆرە بیرکردنەوەی لایەنە حکووم بەدەستەکانی هەنووکەی میسر و تونس جارێکی دیکە رەچاوی تەقینەوەی کێشەکان و بەردەوامی توندوتیژی و هەتا پێکدادانیش بکرێت.. چونکە رکابەرییەکان توندترن، لەهەمان گاڤیشدا دەیانەوێت لەجاران پتر قەیرانەکان بشارنەوە.. کە خەڵک کات و زەمەنێکی دوور و درێژ، درێژتر لە تەمەنی ئاسایی خۆیان چاوەڕوانی ئەم ئازادییەیان کردووە، کە ئیسلامییەکان دەیانەوێت تەمەن کورت بکەنەوە لەپێناو کۆنترۆکردنی دەسەڵات.




